زانا عارف
من هەنێ جار سەلەفیانە بیر دەکەمەوە، پێم وایە حەقیقەت هەنێ جار لە ڕووکەشدایە و زۆریش پێویست بەوە ناکات لە بنەوە بۆی بڕوانین..
نادیاربوونی کاتی جەژن و ڕەمەزان زیاتر خزمەت بەم شەعائیرانە دەکات، هەیەجانێکی زیاتری پێ دەدات، چەسپاوبوونی کاتەکەی ساردوسڕی و بێهەیەجانی تێدا دروست دەکات..
بۆ نمونە لە ڕێکلامی مارکە زەخمەکانی دنیا بنواڕە قەت ڕاستەوخۆ ناڵێن وەرە ئەم مارکەی ئێمە بکڕە، ڕێکلامی سەرکەووتووی کاڵایەک ئەوەیە هەتا دوا خولەک ڕازی دڵی ئاشکرا نەکات، بگرە سەرکەووتووترین ڕێکلام ئەوەیە مرۆڤەکە هەر ئاگای لێ نەبێ و غافڵگیرانە بیکەی بەناو نەستیدا.. واتە ڕێکلامی ناو فیلمەکان کە مارکەیەک بۆ دووخولەک دەکەوێتە بەرچاوت یان ڕێکلامی لافیتە گەڕۆکەکانی ناو ساحەی دووگۆڵی زیاتر دەچێتە ناو نەستی مرۆڤەوە وەک لە ڕێکلامی برنجی مەحمود و خیام کە بە دەهۆڵ و زۆڕنا و هەڵپەڕکێوە دەڵێن وەرە بیکڕە زۆر خۆشە..بگرە ئەمە قێزوبێزت لەلا دروست دەکات..
خۆی زەخمی ئیمانیش لەوێدایە هەردەم جێی مشتومڕە خۆ گەر بەرجەستە بووایە و بەدەست بگیرایە قەت هێندە دڵی ساردی مرۆڤی گەرم نەدەکردەوە..
پێویست ناکات ئومەتی ئیسلام لەم بابەتە وردانەدا یەکگرتوو بن، خودا خۆی جیاواز دروستی کردوون ئامانج لە بوونی مرۆڤ فرەڕەنگییە نەک یەک ڕەنگی، گرنگ یەکگرتنی دڵانە لە حەقدا نەک لە ڕواڵەتیاندا، خودا خۆی دەڵێ بەمەبەست وەها دروستی کردوون:
وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَجَعَلَ النَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً ۖ وَلَا يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ (118) إِلَّا مَن رَّحِمَ رَبُّكَ ۚ وَلِذَٰلِكَ خَلَقَهُمْ..
گرنگ ئەوەیە لە دژی زوڵم یەکگرتوو بن نەک لە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژن و ڕەمەزانا..
باوەڕی تەواوم هەیە بەوەی ڕاجیاوازی ئومەتی ئیسلام ڕەحمەتە، چونکە یەکڕەنگی مێگەل دروست دەکات، حەق هیچ کاتێ بەتەواوی ون نابێ گەر اختلاف هەبێ، بەڵام تەفرەقە و تەشەتوت، واتە ڕقلێبوونەوە و شەڕ و پێکدادان ئەوەیە ماڵکاولی دروست دەکات، هەربۆیە باوەڕی تەواوم بەو حەدیسەیش هەیە کە دەڵێ ئیختیلافی ئوممەتەکەم ڕەحمەتە، سەیری سەنەدەکەی ناکەم و ئیبن عەرەبیانە لێدەخوڕم بۆ پێشەوە...
بژی گڵەزەردە و سەیرکردنی مانگ لەنێوان کونی دوو بەردەوە، ئیمان بە تەلەسکۆب ناگیرێ، جوهد و تێکۆشانی تاقەتپڕوکێنی دەوێت..
بژی گڵەزەردە بەڵام بەو مەرجەی پاشکۆی سعودیە و وەقفی سوننی و شیعەی عێراق نەبێ، کە بینی بڵێ بینیومە کە نەیدی بڵێ نەمدیوە..
ئیمان هەردەم ئەوەیە دیار نییە و ناگیرێ، دۆگماش ئەوەیە چەقبەستووە و وەستاوە..
جەژنی ڕەمەزانتان پیرۆز بێت
گەردنمان ئازاکەن گەر بە فرەڕێسیمان سەرمان ئێشاند بن..