ئەمڕۆ دوشەممە، خانەوادەكانیان بۆ بۆنەی جەژنەوە سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان و عومەر خەیری کۆنار و حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش-یان لە زیندانی ئیمراڵی كردو دیداریان ئەنجامدا.
ئاوێنە: بەپێی میدیاكانی نزیك لە پەكەكە، لە سەردانەکەدا برای عەبدوڵا ئۆجەلان، محەمەد ئۆجالان و برازاکەی عومەر ئۆجەلان و هەروەها برای کۆنار، عەلی کۆنار، برای یڵدرم، پۆڵات یەڵدرم، خوشکی ئاکتاش، سەبیحە ئاکتاش، دیداریان لەگەڵ زیندانیكراوەكان ئەنجامداوە.
تا ئێستا لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەوە زانیاری نەخراوەتەڕو، چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتودا زانیاری زیاتر بخرێتەڕو.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەدوای ساڵی 2014ەوە، تەنیا حەوت جار رێگە دراوە بە خانەوادەی عەبدوڵا ئۆجەلان سەردانی ناوبراو بكەن كە دوایین سەردانیان لە 23ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردو بو، ئەوەش لەدوای 44 مانگ لە رێگری لە سەردانكردنی ئۆجەلان.
هەروەها لەماوەی 14 ساڵی رابردودا، تەنیا پێنج جار رێگە دراوە بە پارێزەرەكانی سەردانی ئۆجەلان بكەن كە دوایین سەردانیان لە 7ی ئابی 2019 بو.
نوسینگەی پارێزەرانی ئۆجەلان لە 28ی ئەم مانگە لە راپۆرتێكدا رایگەیاند، لەماوەی چوار مانگی رابردودا وەڵامی داواكاری خانەوادەی ئۆجەلان و سێ زیندانییەكەی دیكەی ئیمراڵی بۆ دیدار نەدراوەتەوە.
وەفدی دەم پارتی لە رۆژانی 28ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردو و 22ی كانونی دوەم و 27ی شوباتی ئەمساڵ لە چوارچێوەی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی سەردانی ئۆجەلانیان لە ئیمراڵی كرد. لە دوایین سەردانیاندا وەفدەكە بە بانگەوازە مێژوییەكەی ئۆجەلانەوە گەڕانەوە كە لەژێر ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی"دا بو.