باڵی سیاسی گروپە چەكدارەكانی سوریا لە پەیامێكدا بۆ حكومەتی عێراق دڵنیایی دەدات كە ئەوان نابنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق.
ئاوێنە: باڵی سیاسی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، ئەمڕۆ یەكشەممە، پەیامێكی ئاڕاستەی حكومەتی عێراق كردو تێیدا دەڵێت: ئیدارەی كاروباری سیاسی لە "حكومەتی رزگاریی سوری" جەخت لە "پەیوەندی برایانەو دۆستانە"ی نێوان گەلی سوریاو گەلی عێراق دەكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە "شۆڕشی سوریا، شۆڕشێكە بۆ ئازادكردنی گەلی سوریا لە دەست ستەمی رژێمەكەی ئەسەدو هیچ هەڕەشەیەك دروست ناكات لەسەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و هەر دەوڵەتێكی دیكەی ناوچەكە."
وتوشیەتی"ئێمە لە حكومەتی رزگاری، دڵنیایی دەدەینە حكومەت و گەلی عێراق كە سوریا نابێتە سەرچاوەی نیگەرانی و ئاڵۆزی لە ناوچەكە بەیەڵكو پابەندین بە پەرەپێدان و پتەوكردنی پەیوەندیی هاوكاری و برایانە لەگەڵ عێراق لەپێناو سەقامگیری ناوچەكە."