وتەبێژی خانەنشینانی هەرێم بۆ ئاوێنە: ئەگەر مانگی ٤ بەغدا موافەقەت نەکات خانەنشینان مووچەی ٦ مانگ وەرناگرن
  2025-03-29       746       

وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەو سێ تەمەنەی خانەنشین دەبن ئەگەر بەغدا بۆ مانگی چوار "موافەقەت"ـیان بۆ نەکات مووچەی شەش مانگ وەرناگرن. دەشڵێت "هەرێم و عێراق مووچەی ئەو خانەنشینانەشی نەداوە کە شەش مووچە بنەڕەتییەکە وەردەگرن، دۆخیان زۆر خراپە". 

ئاوێنە: سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێکارەکانی دەرکردنی ناسنامەی خانەنشینان لەلێدوانێکی تایبەتدا بە ئاوێنەی وت "ئەو سێ موالیدەی کە دیاریکراوە لە ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٤ەوە دەبێت جیاببنەوە لە ئەرکەکانیان، واتە لە ١ی ١ی ٢٠٢٥ەوە دەچنە چوارچێوەی خانەنشینبون، ئەویش دۆسییەکانیان لە فەرمانگەکانی خۆیانەوە سەیری خشتەی خزمەت و ئیستیحقاق لەگەڵ پلە بەرزکردنەوە کە بەداخەوە لە ٢٠١٦ەوە نەماوە دەکرێت، وە کاتێکیش فەرمانبەرێک خانەنشین دەبێت هەر بەو پلە دەبێت کە لەو ساڵە دیاریکراوە ئەمەش زوڵمێکی ئاشکرایە و مووچەکانیان زیاتری دەکرد، وە دواتر ئەوەشیان بۆ هەژمار دەکرێت کە بەپێی یاسان چەند مووچەیان بۆ هەژمار بکرێت".

سەبارەت بەوەی چۆن باجیان بۆ دروست دەکرێت؟ ناوبراو وتیشی "دوای وردبینی لەفەرمانگەکانیانەوە بەنوسراوی تاک یان کۆمەڵ دەنێردرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی و لەوێشەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەولێر، لەوێش هەموو خانەنشینانی هەرێم جارێکی دیکە وردبینی لە دۆسیەکانیان دەکرێت، ئەگەر هیچ کەموکوڕیەکی نەبوو ئەوکاتەیە فەرمانیان بۆ دەردەکرێت کە موستەحەقی مووچەی خۆیانن و لەوێوە دەیگەڕیننەوە بۆ فەرمانگەکانی خۆیان باجی خانەنشینیان بۆ دەکرێت".

سادق عوسمان زیاتری وت "ئینجا لەشارەکانی خۆشیان پێویستە پیناسی خانەنشینیان بۆ بکرێت، کە پێناسیان بۆ کرا ئەوکاتەیە موستەحەقی ئەو ١٢ مووچەیە دەبن، دواتر کە گەڕایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی خۆیان واتە موافەقەتەکانیان، لەولاشەوە دەبێت هەموو دۆسیەکان بنێردێت بۆ بەغدا. چونکە ئێستا بەغدا تەنیا متمانە بە ناوەکان ناکات دەبێت دۆسیەکانیان بۆ بڕوات، ئەوانیش سەیری دەکەن و ئەوکاتەیە ١٢ مووچەکەیان بۆ خەرجدەکرێت کە ئەوەش پێدەوترێت (پاداشتی کۆتاییهێنانی خزمەت)". 

پەیوەست بە ساڵی خزمەتیشەوە وتەبێژەکەی یەکێتی خانەنشینان رایگەیاند "بۆ ئەو خانەنشینانەی کە ٢٥ ساڵی خزمەتییان تەواوکردووە شایەنی ١٢ مووچەی تەواو دەبن و دەبێت حکومەتی عێراقی دابینیبکات نەک لە سندوقی خانەنشینی، وە ئەوەشی خزمەتی لە٢٥ ساڵ کەمترە تەنیا ئەو ٦ مووچەیە وەردەگرێت لەفەرمانگەکەی خۆیەوە، ئەوەش ٦ مووچەی بنەڕەتییەو لەبری ئەو مۆڵەتانە وەریدەگرن کەلە ساڵانی خزمەت و ئەرکدا مافی خۆی بووە و وەرینەگرتووە. بەنمونە یەکێک ٣٠ بۆ ٣٥ ساڵ خزمەتی هەیە کاتێک کە خانەنشین دەبێت هەموو ساڵێک مافی ئەوەی هەیە هەموو ساڵێک مانگێک زیاتر مۆڵەت وەربگرێت گەرنا وەریناگرێت".

سادق عوسمان ئاشکرایکرد "بەڵام بەداخەوە ئێستا لە هەرێم ئەو ٦ مووچەیەش راگیراوە، هەرچەندە هەرێم خۆی ئەم هەموو داهاتەی کە گلیی دەداتەوە کە پێویستن بۆ وەزارەتەکان دەبوو رەچاوی ئەم بابەتەیان بکردایە".

بەوتەی وتەبێژەکەی خانەنشینان "ئەوانەی ٦ مووچەی بنەڕەتی وەردەگرن هەر لە فەرمانگەکەی خۆیان وەریدەگرن و پێش لە خانەنشین پێیان دەدرێت واتە چاوەڕێی ئەوە ناکەن رێکاری خانەنشینیان تەواو ببێت. وە کاتێکیش رێکاری خانەنشینیان تەواو دەبێت وە مافی راستەوخۆی خۆیان دەبن ئەوکاتەیە ١٢ـیان پێدەدرێت کە فیدراڵ پێویستە بیدات". 

وتیشی "هەرێم مامەڵەی هەزارو ٥٠٠ کەسی ناردووە بۆ بەغدا، دوای ئەوەی لەبەغداوە موافەقەتەکەیان گەڕایەوە بۆ فەرمانگەکەی خۆیان ئەوکاتەیە پێویستە ناویان بخرێتە لیستی مووچەوە، ئێستا لە سلێمانی تەنیا کەمتر لە ١٥٠ کەس موافەقەتەکانیان گەڕاوەتەوە و خراونتە لیستی مانگی ٣ەوە، بەمەش مووچەی مانگی ١و ٢و ٣ وەردەگرن، ئەوانەشی هێشتا رێکارەکانیان تەواو نەبووە لەکام مانگ گەڕایەوە لەمانگی یەکەوە مووچەکەیان پێدەدرێتەوە". 

دەشڵێت "وابڕیاریشە مانگی چواریش ژمارەیەکی زۆر موافەقەت بگەڕێتەوە ئەوانیش مووچەیان بۆ دەبەسترێت گەرنا دەکەوێتە مانگی پێنج، بەڵام هیوادارین لەمانگی چوار بوەستێت".

"بەڕاستی باری داراییان زۆر خراپە خانەنشینان لە مانگی ١١ەوە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەگەر خانەنشینێک موافەقەتەکەی مانگی پێنج تەواو ببێت شەش مانگ مووچەیان وەرنەگرتووە و دەبێت لە مانگی یەکەوە پێیان بدرێتەوە". سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێم
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×