دەقی نامەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، بڵاوكرایەوە. سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ ئاشتی، بەڵام ئەگەر ئێران ئەوە رەتبكاتەوەو بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردنی "رێكخراوە تیرۆریستییەكان" و "سەركێشییە سەربازییەكان"، ئەوا وەڵامی ئەمریكا یەكلاكەرەوەو خێرا دەبێت.
ئاوێنە: محەمەد ساڵح سدقیان، لێكۆڵەری بواری سیاسی و ستراتیژی و بەڕێوەبەری سەنتەری عەرەبی بۆ لێكۆڵینەوە ئێرانییەكان و لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، دەقی نامەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكای بۆ عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، بە زمانی عەرەبی بڵاوكردۆتەوە.
ترەمپ لە نامەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە کاتی ئەوە هاتوە واز لە دوژمنایەتی بهێنین و لاپەڕەیەکی نوێ لە هاریكاری و رێزگرتنی یەکتر هەڵدەینەوە. ئەمڕۆش دەرفەتێکی مێژویی لەبەردەماندایە.
سەرۆكی ئەمریكا ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕیوە بۆ ئەوەی "هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و نەهێشتنی گرژییەكان بنێت." بەڵام لەگەڵ ئەوەش هۆشداری داوە كە ئەگەر ئێران "ئەم دەستدرێژكردنە رەتبکەنەوە" و "پشتیوانیی بەردەوام بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەركێشییە سەربازییەکان هەڵبژێرێت، ئەوا وەڵامەكە یەکلاکەرەوەو خێرا دەبێت."
دەقی نامەكە:
جەنابی ئایەتوڵا خامەنەیی
لەگەڵ رێز بۆ پێگەی سەركردایەتیتان و گەلی ئێران، ئەم نامەیەتان بۆ دەنوسم بە ئامانجی کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ پەیوەندییەکانمان، دور لە ساڵانی ململانێ و خراپ لێکتێگەیشتن و روبەڕوبونەوە ناپێویستەكان کە لە دەیەکانی رابردودا بینیمانن. کاتی ئەوە هاتوە واز لە دوژمنایەتی بهێنین و لاپەڕەیەکی نوێ لە هاریكاری و رێزگرتنی یەکتر هەڵدەینەوە. ئەمڕۆش دەرفەتێکی مێژویی لەبەردەماندایە.
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەژێر سەرکردایەتی مندا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و نەهێشتنی گرژییەكان بنێت. پێکەوە دەتوانین گەمارۆکان لابەرین و ئابوری ئێران بەهێز بکەین و دەرگاکانی هاریكاریی نێوان وڵاتەکانمان بکەینەوە، ئەوەش نەک تەنیا لەبەر بەرژەوەندی گەلەكانمان، بەڵکو لەپێناو بەرژەوەندیی سەقامگیری و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهان.
بەڵام هۆشداریتان دەدەمێ ئەگەر ئەم دەستدرێژكردنە رەتبکەنەوە، ئەگەر رژێمی ئێران رێگای گرژیی و پشتیوانیی بەردەوام بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەركێشییە سەربازییەکان هەڵبژێرێت، ئەوا وەڵامەكە یەکلاکەرەوەو خێرا دەبێت. دەستەوەستان نابین بەرامبەر هەڕەشەکانی رژێمەكەتان بۆ سەر گەلەکەمان یان هاوپەیمانەکانمان.
ئاشتی لاوازی نییە، بەڵکو بژاردەی بەهێزەکانە. گەلی ئێرانیش گەلێکی مەزنە، شایانی ئایندەیەکی باشترو دور لە گۆشەگیری و هەژاری و نەهامەتییە.
ئەگەر ئێوە ئامادەن بۆ دانوستان، ئێمەش ئامادەین. بەڵام ئەگەر بەردەوامبن لە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی جیهان، مێژو ئەوە تۆمار دەکات کە دەرفەتێکی گەورەتان لەدەستداوە.
لەگەڵ رێزدا
دۆناڵد جی ترەمپ