سودانی: هیچ دەستوەردانێكی دەرەكی لەبارەی حەشدی شەعبییەوە بونی نییە
  2025-03-28       158       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هیچ دەستوەردانێكی دەرەكی لەبارەی حەشدی شەعبییەوە بونی نییەو دەشڵێت، پێویستە پڕۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی لە پەرلەمان پەسەندبكرێت.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی دیجلە، رایگەیاند، چەند چارەسەرێكی جیددیان بۆ قەیرانی كارەبا داناون كە یەكێك لەوانە نۆژەنكردنەوەو چاككردنی تۆڕەكانی گواستنەوەو دابەشكردنی كارەبایە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سودانی جەختی كردۆتەوە كە هیچ دەستوەردانێكی دەرەكی لەبارەی حەشدی شەعبییەوە بونی نییە، حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی ئەمنی رەسمییە.

ئاماژەی بەوەشداوە، پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی پەیكەری رێكخستنی حەشدی و پێكهاتە و فەرماندەییەكانی رێكدەخاتەوەو پڕۆژە یاساكەش لەدوای دیراسەیەكی زۆر لەلایەن حكومەتەوە پەسەندكراوە.

وتیشی، گرنگە كە پڕۆژە یاساكانی حەشدی شەعبی و خانەنشینی و دەستبەری لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندبكرێن لەپێناو دەستەبەركردنی مافی كارمەندانی حەشد كە ئەوەش "بەشێكی بچوكە لەبەرامبەر قوربانییەكانیان."

سەرۆكی وەزیرانی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "رێگە بە هیچ لایەك نادرێت قسەی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت" و پرسە ناوخۆییەكان پەیوەستن بە بڕیاری نیشتمانییەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×