بەڕێوەبەریی خۆسەر: ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناكەین كە لە حكومەتی نوێی سوریاوە دەردەچن
  2025-03-30       364       

بەڕێوەبەریی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، ئەو حكومەتەی دوێنێ لە دیمەشق راگەیەندرا گوزارشت لە فرەچەشنییەكەی سوریا ناكات و زۆر لە حكومەتی پێشو دەچێت و لەلایەن تاكە لایەنێكەوە كۆنترۆڵكراوە. دەشڵێت، ئەو حكومەتە ناتوانێت وڵات بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەببات و ئێمە لە بەڕێوەبەریی خۆسەر ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناكەین كە ئەو حكومەتە دەریان دەكات.

ئاوێنە: بەڕێوەبەریی خۆسەر، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە ماوەی چەند هەفتەو چەند مانگی ڕابردودا، سورییەکان بە بایەخێكی زۆرەوە چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی بون. هەمو هیوایان ئەوە بو كە حكومەتێكی گشتگیگر بێت و ئەو فرەچەشنی و فرەڕەنگییەی لە وڵاتدا هەیە لەخۆبگرێت، ئەوەش لە روانگەی ئەو ئازارە بێئەندازەیەی كە سورییەکان لە ئەنجامی سیاسەتەکانی دورخستنەوە و پەراوێزخستن لە سەردەمی ڕژێمی پێشودا بەرگەیان گرت، کە دەسەڵاتی بەشێوەیەكی تاكڕەوانە قۆرخ کردو زۆرێک لە توێژەکانی گەلی سوریای پەراوێزخست."

ئاماژەی بەوەشداوە "بەڵام ئەو حکومەتەی کە ئێوارەی دوێنێ شەممە 29ی ئازار لە دیمەشق ڕاگەیەندرا، زۆر لە حکومەتەکەی پێش خۆی دەچێت لەو روەوە كە فرەچەشنییەكەی سوریای لەبەرچاو نەگرتوەو بەردەوامی دەدات بە كۆنترۆڵكردنی لەلایەن تاكە لایەنێكەوە لەگەڵ نەبونی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەو ڕاستەقینەی هەمو پێکهاتەکانی گەلی سوریا لە حكومەتەكەدا."

جەختیشی كردۆتەوە "ئەم سیاسەتانە، کە حکومەتی دیمەشق پێداگرییان لەسەر دەکات، دەمانگەڕێننەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، لەڕوی ئەوەی كە تاكە لایەنێك حوكمڕانی قۆرخ دەكات و پێکهاتەكانی سوریا لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات بێبەش دەكات. ئەمەش بەتەواوی لێكدژە لەگەڵ ئەو ئامانجانەی کە سورییەکان لەپێناویاندا شۆڕشیان كرد و هەروەها لێكدژە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەی کە سورییەكان ئاواتی بۆ دەخوازن."

وتوشیەتی"لێرەوە ئێمە لە بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جەخت دەكەینەوە لەوەی كە هەر حکومەتێک گوزارشت لەو فرەچەشنی و فرەرەنگییە نەكات كە لە سوریا هەیە، ناتوانێت وڵات بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەببات و لەو قەیرانە رزگاری بكات کە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بەڵکو قەیرانەکە قوڵتر دەکاتەوەو ئەو هۆکارانەش ناسڕێتەوە کە بونەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانەكە."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، ئێمە ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناكەین كە لەلایەن ئەم حكومەتەوە دەردەچن و ئەم پێداگرییە لەسەر دوبارەکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردو زیان بە سورییەکان دەگەیەنێت و هەرگیز نابێتە هۆی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر کە بتوانێت چارەسەر بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەكان و ئەو كێشە و قەیرانانە بدۆزێتەوە كە سوریا گیرۆدەی بوە.

بەڕێوەبەریی خۆسەر لە كۆتاییدا وتویەتی، ئێمە پابەندبونمان بە داواکارییە بنەڕەتییەكان دوپات دەکەینەوە کە سورییەکان بۆی ڕاپەڕین و بریتین لە: بونیاتنانی سوریایەکی دیموکراسی و هاوبەش و لامەرکەزی کە بۆ هەموان مافی هاوڵاتیبون و مافی بەشداریکردنی دادپەروەرانە لە هەمو جومگەكانی ژیانی سیاسیدا دەستەبەربکات و جڵەوی حوكم لە سوریا لەدەستی تاكە لایەنێكدا نەبێت و بەم پێیە ئێمە داوای کۆتاییهێنان بە گرتنەبەری سیاسەتەکانی وەدەرنان و پەراوێزخستن دەكەین، بەرەو لە ئامێزگرتنی هەمو سورییەکان لە هەمو پێكهاتەو ئایینەكانی سوریا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×