باڵیۆزی ئێران لە عێراق: ترەمپ لە نامەكەیدا بۆ خامەنەیی داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی كردوە
  2025-03-28       179       

باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەنامەكەیدا بۆ خامەنەیی داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی كردوە، بەڵام ئەوەندەی من تێی گەیشتبم عێراق حەشدی شەعبی هەڵناوەشێنێتەوە. دەشڵێت، لەئێستادا ئێمە بەردەوامین لە پێدانی غاز و كارەبا بە عێراق.

ئاوێنە: محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی شەرقییە، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێخۆشبونی ئەمریكا لە عێراق بۆ هاوردەكردنی غاز و كارەبای ئێران، رایگەیاند، ئێمە بەردەوامین لە پیدانی غاز و كارەبا بە عێراق. ئێمە گرێبەستمان بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ عێراق لەوبارەیەوە هەیە كە نزیكەی ساڵێكی لەو ماوەیە رۆیشتوە.

باڵیۆزی ئێران جەختی كردەوە، ئێمە لە ئێستادا رۆژانە 200 ملیۆن مەتر سێجا غاز و 500 مێگاوات كارەبا بۆ عێراق هەناردە دەكەین.

لەبارەی ئەوەی كە چۆن ئەو كارە دەكەن لەكاتێكدا بڕیاری لێخۆشبونی ئەمریكا لە عێراق هەڵوەشێندراوەتەوە، ئەو وتی، چونكە پەیوەندیی عێراق و ئێران، پەیوەندییەكی تایبەت، پتەو، رەسەن، ریشەدار و قوڵە لە هەمو رەهەندەكانیدا.

هەروەها وتیشی، ئەو بابەتە دەبێت برایانی عێراق لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكی گفتوگۆی لەسەر بكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باڵیۆزی ئێران لەبارەی نامەكەی ترەمپ بۆ خامەنەیی وتی، لە نامەكەیدا ترەمپ ئامادەیی خۆیانی بۆ دانوستان دەربڕیوە، بەڵام بەشێكی نامەكە هەڕەشە لەخۆدەگرێت.

بەپێی قسەی محەمەد كازم ئال سادق، ترەمپ لە نامەكەیدا داوای دانوستانی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، بەرنامەی موشەكی بالیستی ئێران، پرسی گروپەكانی بەرەی مقاوەمە لە ناوچەكەو حەشدی شەعبی كردوە.

وتیشی، ترەمپ لە نامەكەیدا داوای هەڵوەشاندنەوە یاخود تێكەڵكردنی حەشدی شەعبی دەكات، ئەوە رەفتارێكی قبوڵكراو نییە نە لەلایەن عێراق نە لەلایەن ئێرانەوە، ئەمڕۆ حەشد دامەزراوەیەكی یاساییە و رۆڵێكی گەورەی گێڕاوە لە شەڕی دژ بە داعش و بەشێكە لە دامەزراوەی ئەمنی دەوڵەتی عێراق.

جەختیشی كردەوە كە ئێمە تەنیا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكە دانوستان دەكەین، پرسی حەشدی شەعبی و گروپەكانی بەرەی مقاوەمە، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە بەڵكو پەیوەندی بە لایەنی عێراقی و گروپەكانی بەرەی مقاوەمە خۆیانەوە هەیە، خۆیان بڕیاری ئەوە دەدەن كە دەیانەوێت. لەسەر بەرنامەی موشەكی بالیستی ئێرانیش ئامادەنین دانوستان بكەین. بۆیە تەنیا بەرنامە ئەتۆمییەكە دەمێنێتەوەو لەسەر ئەوەش ئەگەر مەرج و قسەكانیان عادیلانە بن و مافی تەواو بدەنە ئێران لەوبارەیەوە ئامادەی دانوستانین.

باڵیۆزی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە پێمانوایە حەشدی شەعبی، بەتەواوەتی دامەزراوەیەكی ئەمنی و یاسایی عێراقییە، عێراق خۆی بڕیار دەدات لەوبارەیەوە بەوەی كە لەبەرژەوەندی خۆیدایە. لەڕێگەی ئەو زانیارییانەی هەمە و تێی گەیشتوم عێراق حەشدی شەعبی هەڵناوەشێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×