فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، فەرمانی داخستنی گەروی هومرز جێبەجێی دەكات و بڕیارەکەش لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە دەدرێت.
ئاوێنە: جەنەراڵ عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمزی کرد، ئەگەر وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی بکرێتە سەر.
ئاشکراشیکرد "بڕیاری داخستنی گەروەکە لەلایەن فەرماندە باڵاکانی وڵاتەوە دەدرێت، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش بەرپرسیارێتی منە".
تەنگسیری وتیشی "ئێران چاوپۆشی ناكات لە هیچ هێرشێک بكرێتەسەری، هیچ کەسێک ناتوانێت لێمان بدات و دەربازبێت، تەنانەت ئەگەر ناچاریش بین بەدوایەوەبین بۆ کەنداوی مەکسیک، ئەوا ئەو کارە دەکەین".
"ئێران ناچێتە ناو هیچ دانوستانێکەوە سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکییەکەی یان تواناکانی بەرەی مقاوەمە و، ئەم پرسانە بۆ گفتوگۆ نین". فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران وای وت