لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی رایگەیاند، بڕیار دراوە بە دەست بەسەرداگرتنی هەر جۆرە سوارڕەوێكی نایاسایی و هیچ ڕێگەپێدان و نوسراوێک لە هەر لایەنێک جگە لە بەڵگەنامەی فەرمی و یاسایی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە دەرکراوە کاریان پێ ناکرێت.
ئاوێنە: لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، "لەئێستادا بونی سوارڕەوی بێ سەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختەو جامڕەش بەشێوەیەکی نایاسایی خەریکە دەبێتە دیاردەیەک لەسەر شەقامەکان کە بێگومان ڕەنگدانەوەی نەرێنی دروست دەکات لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی. بەدەر لەوەش لە ڕوی ئەمنی و یاسایی و تاوانکارییەوە کاریگەری خراپ و لێکەوتەی مەترسیداری هەیە."
وتوشیەتی، لە چوارچێوەی ئەم ڕاستییە لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا بە:
1- دەست بەسەرداگرتن و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر جۆرە سوارڕەوێکی نایاسایی، (( بۆ خاوەنەکانیان هەیە کە بیبەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان)) وە سەرجەم بازگەکان دەستکراوە دەبن و ڕێگە نادەن دوای بڵاوکردنەوەی ئەم بڵاونامەیە لەژێر هیچ پاساو و بیانویەک هیچ جۆرە سوارڕەوێکی بێ سەرەتا بێتە ناو شاری سلێمانی.
2- گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر جۆرە سوارڕەوێک کە هەڵگری تابلۆی ساختەو نایاسایی بێت.
3- هیچ ڕێگەپێدان و نوسراوێک لە هەر لایەنێک جگە لە بەڵگەنامەی فەرمی و یاسایی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە دەرکراوە کاریان پێ ناکرێت.
4- جێبەجێکردنی ئەم بڵاونامەیە گوزارشت دەکرێت لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەی، وە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و سەپاندنی باری ئارامی و سەروەری یاسا و نەهێشتنی هەمو دیاردە دزێوەکان داواکارین لەم پرسەدا دەزگاکانی ڕاگەیاندن هاوکارمان بن شان بە شانی ئەوانیش هاوڵاتییانی بەڕێز و خۆشەویست.