عومەر گوڵپی، کاندیدی دەرچوی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان پەرتەوازەو ناتەبان، هۆکاری ناتەباییان دەگەڕێتەوە بۆ لێکدانەوەی بەرژەوەندی بچوک. هاوكات عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لەوبارەیەوە دەڵێت: "لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی هەماهەنگی باش لە نێوانماندا هەیەو دەمانەوێت هەماهەنگی و فۆرمێک لە کارکردنی هاوبەش هەبێت لە نێوانمان."
ئاوینە: عومەر گوڵپی، کاندیدی دەرچوی کۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بونی هەڵوێست لە بەرەی خەڵک و داکۆکیکردن لە کێشەکانی خەڵک لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆنەکردوەتەوە."
کۆمەڵی دادگەری کوردستان، سێ کورسی لە کۆی 100 کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێنا، بەڵام سەرکردایەتی حزبەکە هەڵبژاردنیان بە "دیزاینکراو"وەسفکردو بڕیاریاندا بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانیش بکەن.
یەکێک لەو سێ ئەندامە دەرچوەی کۆمەڵی دادگەری بڕیاری حزبەکەی بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان پشتگوێ خست و وەکو ئەندامی پەرلەمان سوێندی یاسایی خوارد، ئەمەش وایکرد بەفەرمی لەڕیزەکانی ئەو حزبە دوربخرێتەوە.
عومەر گوڵپی وتی"پەرتەوازەیی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان نەگبەتی خەڵکە، ئەگینا دەبێت ئۆپۆزسیۆن هاوهەڵوێست بێت."
لەکاتێکدا کۆمەڵی دادگەری پەرلەمانی کوردستانی بایکۆتکردوە، بەڵام یەکگرتوی ئیسلامی 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، بزوتنەوەی گۆڕان 1 کورسی بەشداری پەرلەمانیان کردو ئۆپۆزسیۆنبونی خۆیان ڕاگەیاند.
نەوەی نوێ کە خاوەنی 15 کورسی پەرلەمانی کوردستانە، هەرچەندە تا ئێستا لەنێوان بەشداریکردن لە حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بون بڕیاری یەکلایی کەرەوەی نەداوە، بەڵام جێبەجێکردنی مەرجەکانی بۆ بەشداریکردن لە حکومەت بە ئەستەم دادەنرێت.
عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لە بارەی پەرتەوازەیی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی هەماهەنگی باش لە نێوانماندا هەیەو دەمانەوێت هەماهەنگی و فۆرمێک لە کارکردنی هاوبەش هەبێت لە نێوانمان."
ئەو وتیشی،"دەمانەوێت بزانین کام لایەنی تر دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، چونکە تا ئێستا ئەجێندای هەندێک لایەن ڕون نییە."
لە حاڵەتێکدا گەر نەوەی نوێ، یەکگرتوی ئیسلامی، ڕەوتی هەڵوێست، کۆمەڵی دادگەری، بەرەی گەل و بزوتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بونی خۆیان ڕابگەیەنن، دەبنە خاوەنی 32 کورسی پەرلەمانی کوردستان، لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی پێکەوە خاوەنی 62 کورسی پەرلەمانن.
جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا بەرەیەک دروست نەکراوە ناوی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بێت، چونکە هێزە سیاسییەکان دانەنیشتون تا بڕیاربدەن لەبارەی چۆنیەتی کارکردنی پێکەوەیی بۆ چوارساڵی داهاتو."
ئەو وتیشی،"کۆمەڵێک هێز بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بونیان داوە، گەر بڕیاردرا چەند هێز لە چوارچێوەی کاری ئۆپۆزسیۆن بون پێکەوە کار بکەن، ئەوکات مەسەلەکان ڕێکدەخرێنەوە."
جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە چاوەڕوان دەکرێت پێکەوە حکومەتی هەرێم پێکبهێنن، پێشبینی دەکرێت پێکهاتەکان کە خاوەنی 5 کورسی پەرلەمان و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی یەک کورسی پەرلەمانە بەشداری لە حکومەت دا بکەن.