ئەنجومەنی سوریای دیموكرات-مەسەدە، رایگەیاند، ئامادەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوریا، لەگەڵ هەمو لایەنەکاندا گفتوگۆ بکەن.
ئاوێنە: ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، لە بارەی ڕوداوەکانی ئەم دواییەی سوریا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب و گوندەکانی حەمما لەلایەن گروپە چەتەکانەوە، بەبێ هیچ بەرپەرچدانەوەیەک، جێگای نیگەرانییە.
راشیگەیاندوە، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین، کە گوشار بخاتە سەر هەموو لایەنە کاریگەرەکان لە سووریا، شەڕ ڕابگرن و پڕۆسەیەکی سیاسیی دەستپێبکەن کە هەموو لایەنەکانی سووریا تیایدا بەشدار بن.
لە درێژەی ڕاگەیانراوەکەدا هاتوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک وەک بەرپرسی شەڕ لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دیاری کراوە.
هەروەها وتوشیەتی، سەبارەت بە دۆخی کۆچبەران لە هەرێمی شەهبا، داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەین دەستوەردانێکی بەپەلە بکەن و هاوڵاتییانی مەدەنی لە تاوانەکانی شەڕ، کوشتارو کۆچی ناچاری بپارێزن.
ئاماژە بەوەش کراوە، مەترسی هەیە چەتەکانی داعش سود لەم دۆخە وەربگرن، هەروەها داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەین پشتگیری هێزەکانی سویای دیموکرات –هەسەدە بکەن بۆ بەهێزکردنی تێکۆشان دژی تیرۆر.
مەسەدە ئاماژەی بەوەشداوە کە ئامادەیە لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ بکات و جەختیشی كردۆتەوە كە شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان لایەنەکانی سوریادا تەنیا لە بەرژەوەندیی دوژمنانی گەلی سوریادایە و ناخۆشی و زەحمەتی هاوڵاتییان زیاد دەکات، بۆیە پێویستە گفتوگۆ پەرەی پێ بدرێت.
مەسەدە بە پێویستیشی زانیوە "هەمو پێشێلکارییەکان دژی پێکهاتەکانی سوریا ڕابگیرێن، بەتایبەتی کورد و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان کە بەشێکی سەرەکین لە مێژو و جوگرافیای سوریا."
لە کۆتایی ڕاگەیانراوەکەدا، مەسەدە جەختی لە هەڵوێستی خۆی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا کردۆتەوە و ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەمو لایەنەکانی سوریا دوپات کردۆتەوە.