فالیح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رەتیدەكاتەوە كە هیچ هێزێكی سەر بە ئەوان چوبێتە نێو خاكی سوریاو دەڵێت، حەشدی شەعبی، هێزێكی رەسمییەو لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقدا دەجوڵێتەوە.
ئاوێنە: فالیح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی عێراق كە بڕیارە كۆی چاوپێكەوتنەكە سەعات 10ی ئەمشەو بڵاوبكرێتەوە، دەڵێت"ئەوەی لە سوریا رودەدات رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەبێت."
ئاماژە بەوەشدەدات "قەوارەی زایۆنی دەیەوێت ناوچەكە بە ئاڕاستەی جەنگ و چەك بەرێت."
فالیح فەیاز جەختیش دەكاتەوە كە حەشدی شەعبی هێزێكی رەسمییەو لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقدا دەجوڵێتەوەو وتیشی، هیچ هێزێكی حەشدی شەعبی نەچوەتە نێو خاكی سوریا.
سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی هێمای بۆ ئەوەش دەكات كە "حەشدی شەعبی لە دەرەوەی عێراق كار ناكات و هێڵەكانی بەرگریش لەگەڵ سوریا پتەوكراون."
دەشڵێت "فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان فەرمانی داوە بە زیادكردن و پتەوكردنی كەرتە سەربازییەكان لە بەرەكان و حەشدی شەعبیش هێزێكی سەرەكییە لە بەرگریكردن لە عێراق لە بەرەی سنوری سوریا."