دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا رایگەیاند، ئەگەر تاوەكو 20ی كانونی دوەم كە وادەی دەستبەكاربونیەتی وەك سەرۆكی ئەمریكا، بارمتەكانی لای حەماس ئازاد نەكرێن، ئەوا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باجێكی گەورە دەدات.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، ئەمڕۆ دوشەممە، لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تروس" رایگەیاند، هەموان لەبارەی بارمتەكانەوە دەدەوێن كە چۆن بەشێوازێكی توندوتیژانەو نامرۆڤانە دژی ئیرادەی جیهان، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بران و دەستبەسەركران، بەڵام ئەمە تەنیا قسەكردن و هیچ كردەیەك لەوبارەیەوە نییە.
ترەمپ وتوشیەتی، ئەگەر بارمتەكان بەر لە 20ی كانونی دوەمی 2025، واتە لەو وادەیەی كە پۆستی سەرۆكی ئەمریكا وەردەگرم، ئازاد نەكرێن، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی ئەم دڕندایەتییە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، باجێكی گەورە دەدەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوانەی بەرپرسن لەو كارە لە هەمو كەس زیاتر گورزیان بەردەكەوێت، هەر ئێستا بارمتەكان ئازاد بكەن.