سەرچاوەیەکی نێو حکومەتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی دەستیکردووە بە گواستنەوە لە پشکی هەرێم لە یاسای بودجە، بەمەش بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری دیکە بۆ مووچەی سێ مانگەکە دەنێردرێت.
ئاوێنە: سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە میدیای پارتی وتووە "وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکردووە بە گواستنەوە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە و گەر بگەنە ئەنجام بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری دیکە بەم زووانە دابین دەکرێت و خەرج دەکرێت بۆ مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، چەند رۆژێکە لە وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەوەی جدی و چر بەرێوەدەچێت تاوەکو لەبارەی گواستنەوەکە بە زووی بگەنە ئەنجامێک.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد، ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە بۆ یەک مانگ نییە و دابەشدەکرێتەسەر ئەو سێ مانگەی ماوە.
لەبارەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ١١یش، سەرچاوەکەی نێو حکومەتی عێراق رایگەیاند "وردبینی دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە".