هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەستپێشخەرییەكی عێراقی بۆ بانگهێشتكردنی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی پەیوەندیدار بە دۆخی سووریا بۆ كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لە بەغدا ڕاگەیاند، دەڵێن: پێویستە هەوڵدانی زیاتر بۆ كرانەوە بەڕووی هەموو وڵاتانی پەیوەندیدار بە قەیرانەكەوە هەبێت.
ئاوێنە: میدیا ناوخۆییەكان سەبارەت بە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و خستنەڕووی دەستپێشخەرییەك بۆ كۆكردنەوەی وڵاتانی دراوسێ لە بەغدا و تاوتوێكردنی دۆخی سووریا، بڵاویان كردەوە، دوێنێ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و مەحموود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمان ئەنجامدا، كۆبوونەوەكە تەرخانكراوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێشهاتە ئەمنییەكان لە سووریا و كاریگەرییەكانیان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق.
هاوپەیمانییەكە پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ هەموو ئەو هەوڵە دیپلۆماسی و ئەمنییانەی حكومەت دەربڕی كە لە سەرەتای قەیرانەكانەوە ئەنجامیانداوە، داوایان كرد بەغدا ببێتە بارەگایەك بۆ گفتوگۆ بەردەوامەكان.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئامادەكارییەكان بەسە بۆ ڕێگریكردن لە هەر مەترسییەك بۆ سەر عێراق، جەختیان لەسەر گرنگی یەكخستنی وتاری نیشتمانی و هەوڵدانی زیاتر بەرەو كرانەوە بەڕووی هەموو وڵاتانی پەیوەندیدار بە قەیرانەكە و گرتنەبەری هەنگاو بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی سووریا كرایەوە.
هەروەها هاوپەیمانییەكە دەستپێشخەرییەكی بۆ بانگهێشتكردنی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی پەیوەندیدار بە قەیرانی سووریا بۆ كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لە بەغدا ڕاگەیاند، بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە مەترسی فراونبوونی شەڕی سووریا بۆ وڵاتانی دیكە.
هەر، دوێنێ محەممەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆكی دەوڵەتی تورك ڕایگەیاند، عێراق تەنیا سەیری كاردانەوە مەترسیدارەكانی سووریا ناكات، بۆ پاكتاوكردنی نەتەوەیی پێكهاتەكان و مەزهەبەكان، بەڵكو هەوڵ دەدات، شەڕی ئەو وڵاتە ڕابگرێت.