ئا: ئاوێنە
ساڵانە بی بی سی، ١٠٠ ژنی کاریگەرو پێشەنگ لەسەرانسەری جیهان دەناسێنێت. ئەمساڵ دوو ژنی کورد، نادیە مورادو ژینا مودەرس گرجی لەنێو لیستەکەدا وەک ژنانی پێشەنگ ناویان هاتووە.
تیمی بی بی سی ساڵانە لیستی ١٠٠ ژنی کاریگەرو پێشەنگ لەبوارە جیا جیاکاندا لەسەرتاسەری جیهان ئامادە دەکات، لەسەر بنەمای ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن تۆڕی ٤١ زمانی بی بی سی و ۆرلد سێرڤیس و بی بی سی میدیا ئەکشنەوە پێشنیار دەکرێت.
بی بی سی لەئامادەکردنی ئەم لیستەدا بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت کە لەماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا لەهەواڵی یەکەمدا بوون یاخود لەرووداوە گرنگەکاندا کاریگەر بوون. هەروەها لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ئەو کەسانەیان لەبەرچاو گرتووە کە چیرۆکی ئیلهامبەخشو پەیامێکیان هەیە بۆ گێڕانەوەو وتن یان دەستکەوتی گرنگیان بەدەستهێناوەو بە جۆرێک کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگاکانیان هەبووە، بەڵام مەرج نییە ببنە هەواڵ.
هەروەها هەڵبژاردنی ناوەکانی ئەمساڵ زیاتر لەسەر بنەمای خۆڕاگری ئەو ژنانە بووە، کە خۆڕاگری خۆیان لەپێناو گۆڕانکارییو بەدیهێنانی ژیانێکی باشتردا خستوەتەگەڕ لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی یان لەسەر ئاستی جیهاندا.
لەنێو ئەو ١٠٠ ژنەدا کە بی بی سی وەک ژنانی پێشەنگی ٢٠٢٤ هەلیبژاردون، دوو ژنی کورد هەن: نادیە مورادو ژینا مودەرس گرجی.
نادیە موراد، باشوری کوردستان
براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی
نادیە موراد، چالاکوانی مافی مرۆڤو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، کە ئێستا بووەتە داکۆکیکارێکی پێشەنگ بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسی، یەکێک بوو لەو کچانەی کە لەجینۆسایدی ئێزیدییەکان لەعێراق لەلایەن گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەساڵی ٢٠١٤، ڕزگاری بوو.
ئەو لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەدیلو کۆیلە کراو روبەڕووی دەستدرێژیی بوەوە. نادیە دوای سێ مانگ توانی هەڵبێتو ئازایانە ئەزموونە ئازاربەخشەکانی خۆی بۆ هەموو جیهان باس بکات، بۆ ئەوەی رای گشتی جیهان دەربارەی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بەشەڕو ململانێکان زیاتر بەئاگابێنێتەوە.
ئەو بەمەبەستی لێپرسینەوە لە داعش ، هاوکاری پارێزەری مافەکانی مرۆڤ "ئەمەل کلۆنی" کرد، هەروەها دامەزراوەی قازانج نەویستی "نادیە"ی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکانو داکۆکیکردن لەقەرەبووکردنەوەی زیانی ژنانی ڕزگاربوو، دامەزراند.
نادیە دەڵێت "پێویستە ئەو شتە بەکاربهێنین کە من ناوم ناوە "چەکی ڕۆح"، بۆ خەباتکردن لەپێناو یەکسانیو دادپەروەریی: ڕاستیو هیواو بەزەیی".
دوای ١٠ ساڵ لەکۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان، هێشتا نادیە موراد هێمایەکی جیهانییە بۆ خۆڕاگری.
ژینا مودەرس گرجی - رۆژهەڵاتی کوردستان
داکۆکیکار لە مافی ژنان
ڕۆژنامەنووسو چالاکوانی کورد، ژینا مودەریس لەساڵی ٢٠١٩ کۆمەڵەی ژنانی "ژیوانۆ"ی دامەزراند. کۆمەڵەکە لەڕێگەی پەروەردەو ناڕەزایەتیو بەرەنگاری بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەوڵو کۆشش دەکات.
ژینا مودەریس، لەسەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران دووجار دەستبەسەر کراوە، سەرەتا سزای ٢١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بەتۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن دژی رژێم". ئێستا ئەو سزای کەمکراوەی دوو ساڵو چوار مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوی لەگرتووخانە تێدەپەڕێنێت.
ژینا یەکێک بوو لەئەندامانی کەمپەینی "یەک ملیۆن واژۆ" کە بەئامانجی بەدەستهێنانی پشتیوانی گشتی بۆ هەموار کردنەوەی ئەو یاسایانە پێکهێنرابوو هەڵاواردنو جیاکارین دژ بەژنان لەئێران.
ژینا، کۆمەڵێک فۆتۆگرافەری ژنی کوردی کۆکردبۆوە، پۆدکاستی سەبارەت بەکێشەکانی ژنان بەرهەمدەهێنا، کتێبێکی بۆ منداڵان سەبارەت بەژنانی پێشەنگی کورد ئامادەکردووە.
ژێدەر:
https://www.bbc.com/news/resources/idt-4f79d09b-655a-42f8-82b4-9b2ecebab611