جێگیری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان زانیاری نوێ لەسەر مشتومڕی کورسی "هێرۆ عەتار" کاندیدی هەڵگەڕاوەی کۆمەڵی دادگەری ئاشکرا دەکات و سەبارەت بە وادەی دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت "لەراستیدا هێشتا جەلسەی یەکەمی پەرلەمان بەڕێوە نەچووە، بەڵکو بەتەمەنترین پەرلەمانتار پشوویەکی راگەیاندووە، هەرکاتێک فراکسیۆنەکان رێککەوتن کە کێ هەڵبژێرن بۆ سەرۆکی پەرلەمان، پەرلەمان جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە".
ئاوێنە: هیوا نەسرەدین، جێگیری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا لەبارەی دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی کوردستان بە ئاوێنەی وت "بەتەمەنترین سەرۆکی پەرلەمان پشویەکی رایگەیاندووە، تاوەکو فراکسیۆنەکان بگەنە رێککەوتنێک، چونکە پێویستی بە دەنگی زۆرینە هەیە دیاریکردنی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان ئەویش لەو ١٠٠ ئەندام پەرلەمانە دەبێت ٥١ کەسیان دەنگبدەن بەیەک پەرلەمانتار، گەرنا سەرۆکایەتی دەستنیشان ناکرێت بەپێی یاسا، بۆیە بەتەمەنترین پەرلەمانتار ناچار بوو دانیشتنەکە بە کراوەیی بهێڵێتەوە".
سەبارەت بە وادەی دانیشتنێکی دیکە، هیوا نەسرەدین رونیکردەوە "ئەو پشووە وەرگیراوە تاوەکو فراکسیۆنەکان بگەنە رێكکەوتن، ئەویش ئایا بەیانیە دەگەیەنە رێککەوتن یان هەفتەیەکی دیکە یاخود مانگێکی دیکەیە".
وتیشی "لە دوێنێوە پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خواردووە و بوونەتە پەرلەمانتار و دەوامی خۆیان دەکەن، کە فراکسیۆنەکان رێککەوتن بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکێک، ئەو رۆژە دەبێت بە رۆژی تەواوکردنی دانیشتنی یەکەم نەک دانیشتینی دووەم".
ناوبراو جەختیکردەوە لەسەر وادەکە کە کات دیار نییە، لەبارەی یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانیش زیاتری وت "هەڵبژاردنی ئەو سێ پۆستە لەدەستی پەرلەمانتارەکانە نەک بگەڕێتەوە بۆ عێراق هەر دەبێت یەکلایی بکرێتەوە، چونکە بەس سەرۆکی پەرلەمان نییە هەڵببژێردرێت، بەڵکو دوای ئەوە سەرۆکی هەرێم و حکومەت دێت بەدڵنیاییەوە دەبێت رێککەوتن بکرێت".
پەیوەست بە دەنگۆکانی ئەگەری دوورخستنەوەی "هێرۆ عەتار" کاندیدی هەڵگەڕاوەی کۆمەڵی دادگەری، جێگیری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد "کۆمەڵ وەکو حزب مافی خۆیەتی سکاڵا بکات، بەڵام بەپێی یاسای هەمواری هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢، هەرکەسێک بەهەر لیستێک بێتە نێو پەرلەمان کە دەنگی هێناوە وەکو ئەندامی هەڵبژێردراو سوێندی یاسایی خوارد هەموو رێکارە یاساییەکانی ئەو کاندیدە سەد لەسەد تەواوە. حزب ناتوانێت دوریبخاتەوە لە پەرلەمانتاری، مەگەر خۆی دەست لەکاربکێشێتەوە واتە حزبەکەی ناتوانێت بیگۆڕێت ئەگەر بە قسەی بکات تەواوە و ئەگەریش نەیکات هەر تەواوە".
لەبارەی ئەوەی تاچەند "هێرۆ عەتار" وەکو کورسیەکی سەربەخۆ دەمێنێتەوە؟ هیوا نەسرەدین ئاماژە بەوە دەکات کە یاسای کۆمسیۆنی عێراقی هەتا ئەوکاتەیە بەرکارە کە دەیانگەیەنێتە پەرلەمان لەدوای ئەوەوە بەیاسای پەرلەمانی هەرێم کار دەکرێت، ئەو راشیگەیاند "لەرووی یاساییەوە من بڕیار نادەم دادگای فیدڕاڵی بڕیار دەدات تەنانەت کۆمسیۆنیش ناتوانێت، بۆیە نەخێر بێبەشنابێت لە کورسی سەربەخۆ و ئەندام پەرلەمانە، چونکە یاسای کۆمسیۆنی عێراق بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنە نەک بۆ رێکخستنی ئەندامانی پەرلەمان".