ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ بڵاویکردەوە، بۆ رێگریکردن لە هەڕەشەکانی کۆریای باکور لەسەر وڵاتەکەی، سەرۆکی کۆریای باشوور باری نائاسایی سەربازی ڕاگەیاندووە.
ئاوێنە: لە راپۆرتێکدا ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ رایگەیاندووە "سەرۆکی کۆریای باشوور باری نائاسایی سەربازی راگەیاندووە، ئەو هەنگاوەش بۆ رێگریکردنە لە هەڕەشەکانی کۆریای باکوور لەسەر وڵاتەکەی".
لەلایەکی دیکەشەوە میدیا ناوخۆییەکانی کۆریای باشوور ئەوەیان خستووەتە روو، کە سەرۆک یوان سووک یۆل، ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی تۆمەتبار کردووە بە کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمان و پەکخستنی کارەکانی حکومەت لەڕێگەی ئەوەی کە بە "کردەوەی دژە دەوڵەت" وەسفی کردووە.
لەوبارەیەوە یوان لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکردووە "ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی سیستەمی دەستوری وڵات پێویستە".
وتوشیەتی "لەپێناو پاراستنی لیبرالیزم لە هەڕەشەکانی هێزە کۆمۆنیستەکان لە کۆریای باکوور، هەروەها بۆ نەهێشتنی هێزە دژە دەوڵەتییەکان لێرەوە باری نائاسایی ڕادەگەیەنم و یاسای سەربازی جێبەجێ دەکەم".
جێی ئاماژەیە، ئەو یاسا سەربازییە، هەموو چالاکییە سیاسییەکان، لەنێویاندا ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی نێوخۆ، پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە سیاسییەکان قەدەغەن و دەبێت هەموو میدیا و بڵاوکراوەکان لەژێر کۆنترۆڵی سەربازیی وڵاتەکەدابن.