حزبوڵای عێراق هەواڵی رازیبونی بە دانانی چەك رەتدەكاتەوە
  2025-04-07       156       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دوشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە كە سێ گروپی چەكداری عێراقی لەنێویاندا گروپی حزبوڵا، ئامادەیی خۆیان بۆ دانانی چەك دەربڕیوە، بەڵام حزبوڵای عێراق ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ 7ی نیسان، راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوەو لەنێویدا چەند لێدوانێكی داوەتە پاڵ  "فەرماندەیەك لە كەتیبەكانی حزبولا"، ئەو لێدوانانە هیچ پەیوەندییەكیان بە هەڵوێست و پرەنسیپەكانی ئێمەوە نییە.

جەختیشی كردۆتەوە كە كەتیبەكانی حزبوڵا هیچ لێدوانێك بۆ دەزگاكانی راگەیاندن نادەن، ئەگەر هەر لێدوانێكیش هەبێت ئەوا لەڕێگەی محەمەد مەحی، وتەبێژی رەسمی حزبوڵا یاخود لەڕێگەی جەعفەر حسێنی، وتەبێژی سەربازیی حزبوڵاوە دەبێت، لەوە زیاتر هەر لێدوانێك دەچێتە خانەی درۆ و بوختان.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ ئاژانسى هەواڵى ڕۆیتەرز بڵاوى کردەوە، دانوستانەکانى نێوان محەمەد شیاع سودانى و گروپە چەکدارەکان بەرەوپێشەوە دەچێت و ئەو گروپە وەلائیانەش هەستیان بەوە کردوە گەر چەکەکانیان دانەنێن ئەوا دەکرێنە ئامانج.

ئاژانسەكە ئاماژەى بۆ ئەوەش کردوە، گروپى حزبوڵاى عێراقى و نوجەبا و ئەنسارى ئەوفیا ئامادەییان دەربڕیوە کە چەکەکانیان دابنێن.

ئەوەش خراوەتەڕو، بۆ ئەو مەبەستەش ڕەزامەندى وڵاتێکى ناوچەکە وەرگیراوە بۆ ئەوەى نەکرێنە ئامانجى ئەمەریکا و ئیسرائیل و لەئێستادا دەستیانکردوە بە چۆڵکردنى شارە گەورەکان لەوانە موسڵ و ئەنبارو بارەگاکانیان دەپێچنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×