یه‌ک شه‌ممه‌, 13 ی نیسان , 2025
تاران هۆشداری داوەتە عێراق و پێنج وڵاتی تری ناوچەكە لەبارەی ئەگەری هێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئێران
  2025-04-06       949       

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی باڵای ئێرانییەوە بڵاویكردۆتەوە، تاران هۆشداری داوەتەوە هەریەكە لە عێراق، كوەیت، ئیمارات، قەتەر، توركیاو بەحرەین كە ئەگەر رێگەبدەن ئەمریكاو ئاسمان و خاكیان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاربهێنێت، ئەوا دەبنە ئامانجی هێرشەكانی ئێران.

ئاوێنە: بەرپرسە ئێرانییەكە كە ئەمڕۆ یەكشەممە، بۆ ئاژانسی رۆیتەرز قسەی كردوە، وتویەتی، وڵاتەکەی لەدژی ئەوەیە كە ئەمریكا داوا دەكات یان دەبێت دانوستانی راستەوخۆ بكات یان بۆردومان دەكرێت.

سەرەڕای رەتکردنەوەی داواکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە، ئەو بەرپرسەی ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە، وڵاتەكەی دەیەوێت لە رێگەی عومانەوە بەردەوام بێت لە دانوستانە ناراستەوخۆکان.

وتوشەیەتی، دانوستانە ناڕاستەوخۆکان دەرفەتێک دەڕەخسێنن بۆ هەڵسەنگاندنی جددیەتی واشنتۆن سەبارەت بە چارەسەری سیاسی لەگەڵ ئێران، هەرچەندە رەنگە ئەم ڕێگایە سەخت بێت، بەڵام ئەگەر پەیامەکانی ئەمریکا پشتیوانی ئەم ئاڕاستەیە بكەن، دەکرێت بەمزوانە گفتوگۆی لەو شێوەیە دەست پێبکات.

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستووەتەڕو، ئێران هۆشداری بۆ عێراق، کوەیت، ئیمارات، قەتەر، تورکیا و بەحرەین ناردوە، کە هەر پاڵپشتییەک بۆ هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لەوانەش، بەکارهێنانی ئاسمانیان یان خاکەكەیان لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لەکاتی هێرشدا، بە کردەوەیەکی دوژمنکارانە هەژمار دەکرێت.

هۆشداریشیداوە لەوەی، هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەرئەنجامی ترسناکی بۆ دەبێت بۆیان، ئاشكراشیكردوە، عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران، هێزە چەکدارەکانی خستۆتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیەوە.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا بە ئاژانسەكەی وتوە، ئاگاداری هۆشدارییەكەی ئێران نین، بەڵام دەكرێت ئەو جۆرە پەیامانە لەڕێگەی كەناڵی دیكەوە بگوازرێنەوە.

رۆژی چوارشەممەش، میدیا رەسمییەكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە كوەیت دڵنیایی داوەتە ئێران كە هیچ كردەوەیەكی دوژمنكارانە لەدژی هیچ دەوڵەتێكی دیكە لە خاكەكەیەوە قبوڵ ناكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×