عومەر ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەکات کە لەدوا دیداری لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلانی مامی لەئیمرالی، زۆر توڕە بووە لەحکومەتی سوریاو وتویەتی " ئەو کۆمەڵکوژییەی بەرامبەر عەلەویەکان کردیان، هەمان شێوازی داعش بوو".
ئاوێنە: عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی، باسی دوا دیداری لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلانی مامی لەئیمرالی لەرۆژانی جەژندا بۆ رۆژنامەی یەنی یەشامی تورکی گێڕاوەتەوەو دەڵێت "سەرۆک ئاپۆ زۆر توڕەیە لەحکومەتی سوریا بەهۆی ئەو کوشتارەی بەرامبەر عەلەوییەکان کراوە، دەتوانم بڵێم هەڵوێستی بەرامبەر بەحکومەتی ناوەندی سوریا زۆر نەرێنییە، بەتوندی ڕەخنەی لەو کوشتارە گرت کە بەرامبەر عەلەوییەکان کراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆمەڵکوژییە هەمان شێوازی داعش بووە. هەڵوێستێکی ڕوونی لە دژی ئەمە گرتەبەر. باسی لەوەش کرد کە پێویستە هەردوو دروزو عەلەوی سیستەمی ئیدارەی خۆسەری دابمەزرێننو ئەم سیستەمانە بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەو سیستەمەی کە کورد دایمەزراندووە کار بکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئەم سێ پێکهاتەیە لەپێوەندی لەگەڵ یەکتردا خۆیان بپارێزن".
دەشڵێت "پێویستە کورد لەسوریا وریا بنو خۆپارێزی بکەن، چونکە کورد دە هێندە زیاتر لەوەی بەرامبەر عەلەوییەکان کردوویانە مەترسییان لەسەرە، پشتگیری لەرێککەوتنی کورد لەگەڵ حکومەتی سوریاو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کرد، بەڵام ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: ئەمە پێویستی بەگەرەنتی هەیە".