نیویۆرك تایمز: سێ‌ دەسەڵاتەكە هۆشداریانداوەتە خامنەیی، شكستی دانوستان رەنگە ببێتەهۆی ڕوخان
  2025-04-11       595       

ڕۆژنامەیی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردەوە، سەرۆكی سێ‌ دەسەڵاتەكەی ئێران هۆشداریان داوە بە علی خامنەیی، ڕێبەری باڵای وڵاتەكەیان كە رەتكردنەوەی دانوستان یان شكستهێنانی، ئەوا ئێران روبەڕوی هێرش دەكاتەوە كە "رەنگە ببێتەهۆی روخانی رژێم"، دەشڵێت، "دوای كۆبونەوەیەكی چەند كاتژمێری، خامنەیی رازیی بوە بە دانوستان".

ئاوێنە: رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، ئەمڕۆ هەینی لە زاری کاربەدەستانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، مەسعود پزشکیان، سەرۆکی كۆمار و غوڵامحوسێن موحسینی، سەرۆکی دەسەڵاتەكانی دادوەری و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان، عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێرانیان ئاگادارکردوەتەوە كەە رەتکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا یان شكستهێنانی وڵاتەكە ڕوبەروی هێرشدەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو سێ بەرپرسە باڵایەی ئێران هۆشدارییان داوە كە شكستی دانوستان بە دڵنیایی هەردو پێگەی سەرەكی ئەتۆميی نەتەنز و فۆردۆ روبەڕوی هێرشی سەربازی دەكاتەوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامە ئەمریكەكە، بەرپرسانی ئێران بە خامنەیییان ڕاگەیاندوە، وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی سەربازیش، ناوچەکە روبەڕوی مەترسی شەڕێکی فراوانتر دەكاتەوە، ئەوەش سیناریۆیەکە رەنگە زیانی زیاتر بە ئابوریی ئێران بگەیەنێت و نائارامییەکانی ناوخۆ بوروژێنێت.

ئەوەشیخستەڕو، پەیامی ئەو بەرپرسانە رون و ئاشکرابوە، داوای رێگەدانیان بە دانوستان كردوە لەگەڵ واشنتن، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات راستەوخۆشبێت، چونکە جێگرەوەكەی رەنگە روخاندنی رژێم بێت لە تاران.
 
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە،  ئەو دانیشتنە چەند کاتژمێری خایاندوە، لەكۆتاییدا خامنەیی ڕازی بوە لەسەر ئەنجامدانی دانوستان، سەرەتا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی نێوەندگیرێکەوە، پاشان ئەگەر شتەکان بە باشی بەڕێوەچون، گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان دانوستانکارانی ئەمریکی و ئێرانی ئەنجامبدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×