وەزارەتی كشتوكاڵ لەبارەی ناڕەزایەتی جوتیارانی دەشتی بەرانەتی لە هەولێر سەبارەت بە كوژاندنەوەی بەشێك لە زەوییەكانیان بۆ دابەشكردنی بەسەر فەرمانبەراندا رونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، كوژاندنەوەی زەوییەكان لەسەر پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بوە. دەشڵێت، ئێمە جەختمانکردۆتەوە لەسەر گۆڕینی ئاڕاستەی کوژاندنەوەی زەوییە بە پیتەکانی کشتوکاڵی بۆ دابینکردنی زەوی بەردەڵانی بەپێی نەخشەی ناوچە پێشنیارکراوەکان.
ئاوێنە: وەزارەتی كوشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، ئەمڕۆ هەینی، رونكردنەوەیەكی لەبارەی گردبونەوەو ناڕەزایەتی جوتیارانی دەشتی بەرانەتی لە هەولێر بەرامبەر بە كوژاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان و دابەشكردنیان بەسەر فەرمانبەراندا، بڵاوكردەوە.
وەزارەتەكە رایگەیاندوە، ڕێکارەکانی کوژاندنەوەی ئەو زەوییانە بەهیچ جۆریک و لەهیچ لیژنەیەک کە تەشکیلکراوە وەزیری کشتوکاڵی تێدا نییە، سەرەڕای ئەوەش ئێمە لەماوەی رابردو رێگری زۆرمان کردوە لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنان و کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی بۆ پڕۆژەی ناکشتوکاڵی، خودی وەزیر بەدواداچون و پاڵپشتی داواکاری جوتیارانی دەشتی بەرانەتی کردوە بۆ پارێزگاری لەو زەوییە بەپیتانەو خاکی ئەو ناوچەیە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، پارێزگاریکردن و ڕەوچاوکردنی تایبەتمەندی زەویی کشتوکاڵی و پەرەپێدانی ئاسایشی خۆراک، لەچوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە، بەڵام کوژاندنەوەی زەوییەکان بەپێی بڕیارێکی راستەوخۆی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدراوە، کە لەسەر پێشنیارێکی وەزارەتی شارەوانی بوە، بەپێی بڕیاری دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
وتوشیەتی، ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە بەفەرمی جەختمانکردۆتەوە لەسەر ڕەچاوکردن و پارێزگاری لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و گۆڕینی ئاڕاستەی کوژاندنەوەی زەوییە بە پیتەکانی کشتوکاڵی بۆ دابینکردنی زەوی بەردەڵانی بەپێی نەخشەی ناوچە پێشنیارکراوەکان، لە هەمانکاتدا داوامانکردوە کە هەماهەنگی زیاتری وەزارەتمان بکرێت بۆ یەکلاکردنەوە و دیاریکردنی ئەو زەویانەی کە تەرخان دەکرێن بۆ فەرمانبەرانی بەڕێزی هەرێمی کوردستان.
دەقی رونكردنەوەكە:
رونکردنەوەیەک بۆ رایی گشتی و میدیاکاران سەبارەت بە کێشەی زەوی جوتیارانی دەشتی بەرانەتی لە هەولێر
ماوەیەکە ئاگاداری کێشەی جوتیارانی ناوچەی بەرانەتی دەشتی هەولێرین و بۆ ئەم مەبەستە کەسایەتی و نوێنەریان هاتۆتە وەزارەتمان و پێشوازی کراون و بەڕێزەوە گوێیان لێ گیراوە بەپێی تایبەتمەندی و بەپێی پێوێست، هەنگاوی پاڵپشتی لەرێگەی خۆمانەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار گیراوەتەبەر.
دوێنێ لەمیانی گردبونەوەیەکی جوتیارانی بەڕێزی سنورەکە لەرێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە بەشێکی ناڕەزایی و گلەیی و داواکارییەکانیان ئاراستەی بەڕێز وەزیر و وەزارەتمان کراوە، سەرباری ئەوەی ڕێکارەکانی کوژاندنەوەی ئەو زەوییانە بەهیچ جۆریک و لەهیچ لیژنەیەک کە تەشکیلکراوە وەزیری کشتوکاڵی تێدا نییە، سەرەڕای ئەوەش ئێمە لەماوەی رابردو رێگری زۆرمان کردوە لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنان و کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی بۆ پڕۆژەی ناکشتوکاڵی، خودی وەزیر بەدواداچون و پاڵپشتی داواکاری جوتیارانی دەشتی بەرانەتی کردوە بۆ پارێزگاری لەو زەوییە بەپیتانەو خاکی ئەو ناوچەیە، بەم بۆنەیەوە بەپێویستی دەزانین کە رونکردنەوەیەک ئاراستەی رایی گشتی و میدیاکاران و جوتیاران و کەسایەتی سنوری بەرانەتی بکەین بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم/ بەنوسراومان ژمارە( 138)لە رێکەوتی 13/6/2024 سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانمان ئاگادارکردۆتەوە و ڕاو سەرنجی خۆمان ئاماژە پێکردوە لە (7)خاڵدا کە لەخاڵی (1)دا بەڕونی ئاماژەمانکردوە بە پاراستنی زەوی بەپیتی کشتوکاڵیی و نەکوژاندنەوەی ئەو زەوییانە لە پێناوی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بەردەوامبونی کاری جوتیاری و لەبەرچاوگرتنی دۆخیان و پارێزگاریکردنی زەوییەکانیان.
دوەم/ کوژاندنەوەی زەوییەکانی ئەو ناوچانە بە نوسراوێکی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (3392) لەرێکەوتی 23/7/2024 بوە و دەسەڵات دراوەتە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ کوژاندنەوەی راستەوخۆی زەوییەکان، کە ئەمەش لەسەر پێشنیاری کۆنوسێکی تایبەت بەوەزارەتی شارەوانی بوە کە بەهیچ جۆریک وەزیری کشتوکاڵ ئاگادار نەبوە و لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەو لیژنەیەی دراسەی بابەتەکەی کردوە دوبارە وەزارەتی کشتوکاڵ بەدەرکراوەو راستەوخۆ دەسەڵات دراوەتە وەزارەتی شارەوانی و لیژنەی 222 و سەرجەم رێکارەکان هەر لەڕیگەی وەزارەتی شارەوانی و ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئەنجام دەدرێن.
سێیەم/ بۆ هەمان ئەو مەبەستەی سەرەوە بەدواداچون بۆ کێشەو داواکارییەکانیان و دۆزینەوەی میکانیزمی هاوبەش، لەلایەن وەزارەتمانەوە نوسراوێکی تایبەتی نوسینگەی بەڕێز وەزیر کە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی کراوە بە ژمارە (283) لەرێکەوتی 13/11/2024 کە داوامانکردوە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی کۆبونەوەیەکی هاوبەش لەو بارەیەوە ئەنجامبدەین بەڵام بەڕێزیان بەفەرمی بەنوسراوی ژمارە (37) لەرێکەوتی 13/1/2025 وەلامیان داوینەتەوە کە ئەوان پێیان باشە ئەم کۆبونەوەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە بکەوێتە کاتی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم/ کابینەی دەیەم بەهۆی سەرقاڵبونیان بە پلانی کوژاندنەوە و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران.
لە کۆتاییدا دوپاتیدەکەینەوە بۆ هەمو لایەک کە پارێزگاریکردن و ڕەوچاوکردنی تایبەتمەندی زەویی کشتوکاڵی و پەرەپێدانی ئاسایشی خۆراک، لەچوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە، بەڵام کوژاندنەوەی زەوییەکان بەپێی بڕیارێکی راستەوخۆی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدراوە، کە لەسەر پێشنیارێکی وەزارەتی شارەوانی بوە، بەپێی بڕیاری دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە بەفەرمی جەختمانکردۆتەوە لەسەر ڕەچاوکردن و پارێزگاری لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و گۆڕینی ئاڕاستەی کوژاندنەوەی زەوییە بە پیتەکانی کشتوکاڵی بۆ دابینکردنی زەوی بەردەڵانی بەپێی نەخشەی ناوچە پێشنیارکراوەکان، لە هەمانکاتدا داوامانکردوە کە هەماهەنگی زیاتری وەزارەتمان بکرێت بۆ یەکلاکردنەوە و دیاریکردنی ئەو زەویانەی کە تەرخان دەکرێن بۆ فەرمانبەرانی بەڕێزی هەرێمی کوردستان.