نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەخت دەكاتەوە كە قبوڵ ناكەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوابخرێت و هۆشداریش دەدات كە دواخستنی هەڵبژاردن عێراق دەخاتە بەر مەترسی دابەشبون.
ئاوێنە: نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە وتەیەكدا كە لە ڤیستیڤاڵێكدا پێشكەشی كرد وتی، ئێمە داكۆكی لەو سیستمە دیموكراتییە دەكەین كە تێیدا دەسەڵات لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەشێوەیەكی رێكوپێك ئاڵوگۆڕدەكرێت.
وتیشی، هەڵبژاردن دیارترین سیمای پڕۆسەی دیموكراسییەو بەردەوام باوەڕمان پێیەتی و هەروەها هەڵبژاردن گەرەنتی و رەگەزی دیاری پڕۆسەی دیموكراسییە لە عێراق.
جەختیشی كردەوە، رەتكردنەوەی هەڵبژاردن بەواتای رەتكردنەوەی دیموكراسییەت و پڕۆسەی سیاسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتە.
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشدا، هەندێك دروشم دەبیستین، نازانین بەمەبەستن یاخود هەڕەمەكین، باس لە دواخستن یان رەتكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن.
ئەوەشی خستۆتەڕو، هەڵبژاردن، ئەركێكی شەرعی و مرۆیی و ئەخلاقییە و بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ئەوە ناكەین باس لە دواخستنی بكرێت.
هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد، قسەكردن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی لەناكاو هیچ بنەمایەكی نییە تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان داوای بكەن و ئەویش بۆ ماوەیەكی كاتی كە یەك مانگە، بۆیە ئەو داوایانە رەتدەكەینەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی لەناكاو هەن.
جەختیشی كردەوە، هەڵپەساردن یاخود دواخستنی هەڵبژاردن، عێراق دەخاتە سەر سەكۆی دابەشبون و كۆمەڵێك قەیران و مەترسی كە كۆتاییان نایەت.