ئا: ئاوێنە
پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان دەڵێت "باپیرم بەعەبدوڵا ئۆجەلانی وتووە تێکۆشان بۆ کوردایەتیو کوردستان لەتێکۆشانی کۆمۆنیزم زۆر گرنگترە. ئێوە زۆر ماندوودەبن. ئێوە سەرقاڵبوون بەدۆزی کوردایەتییەوە، شێخ سەعیدیش بەم ڕێگەیەدا تێپەڕی. شێخ سەعید قوربانی زۆی دا. هۆزی هەبوو، بنەماڵەو دەوروبەری هەبوو. ئێوە کەسێکتان نییە، هۆزێکتان نییە. لەم دۆزەدا سەختی زۆر دەچێژن".
پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان، کۆتا دیداری بنەماڵەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کە لەئیمراڵی ئەنجامی دابوو، بۆ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگوور گێڕاوەتەوە.
عومەر ئۆجالان باس لەوە دەکات ئەم دیدارە دیدارێکی بنەماڵییە. نابێت وەک سەردانیکردنی شاندی سیاسی یا پارێزەران دابنرێت، مافی هەموو زیندانیکراوێکەو دەبێت بنەماڵە بتوانن بەجوانی دیداری خۆیان ئەنجام بدەن، ئەو دەڵێت ""دیداری ٣١ی ئاداری ئیمراڵی، لەچوارچێوەی سەردانیکردنی بنەماڵەییدا ئەنجام دراوە، دووەم ڕۆژی جەژن بوو."
عومەر ئۆجالان گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێشی نێوان عومەر ئۆجالانی باوکیو ئاپۆی مامی گێڕاوەتەوەو دەڵێت "لەکۆتا دیداری ئیمراڵییدا، کە لەچوارچێوەی دیداری بنەماڵەییدا بوو، باوکم یادەوەرییەکی پێش ٥٠ ساڵی گێڕایەوەو سەرۆکیش بەشداری یادەوەرییەکە بوو. بەبۆنەی ٤ی نیسانەوە گێڕانەوەی ئەو یادەوەرییە زۆر مانادارو سەنگینە. سەرنجڕاکێش بوو. باوکم یادەوەرییەکی سەرەتای ساڵانی ١٩٧٦-١٩٧٧ گێڕایەوەو گوتی: تۆو جەمیل بایک هاتبوون بۆ ماڵمان. دایکمان خواردنی بۆ دروستکردبوون. لەکاتی نان خواردندا، باوکم لەناو دەرگاکەدا وەستابوو پێیگوتن، ئێوە تێکۆشان بۆ کۆمۆنیزمو سۆسیالزم بەڕێوەدەبن. لەئێستاشدا پێتان دەڵێن بۆ کوردو کوردستان دەستان پێکردووە. تێکۆشان بۆ کوردایەتیو کوردستان لەتێکۆشانی کۆمۆنیزم زۆر گرنگترە. ئێوە زۆر ماندوودەبن. لەو کاتەدا سەرۆکیش گوتی: بیرم دێتەوە. باوکم شتێکی لەم جۆرەیشی گوت: ئێوە سەرقاڵبوون بەدۆزی کوردایەتییەوە، شێخ سەعیدیش بەم ڕێگەیەدا تێپەڕی. شێخ سەعید قوربانی زۆی دا. هۆزی هەبوو، بنەماڵەو دەوروبەری هەبوو. ئێوە کەسێکتان نییە، هۆزێکتان نییە. لەم دۆزەدا سەختی زۆر دەچێژن".
دەشڵێت "لەدوای ئەم دەبڕینانە، حەقیقەتی گەلی کورد ئافراو گەیشتە ملیۆنان مرۆڤ. گەر کەسەکان لەکەسێتی بەڕێز ئۆجالاندا خۆیان دەبیننەوە، دەبێت ئەمە وەک ژیانەوەی گەلێک بەتێکۆشانێکی ٥٢ ساڵە ببینرێت. بەڕێز ئۆجالان لەتەمەنی ٧٦ ساڵییدایە. هەموو تەمەنی بە بەرخۆدان، بەتێکۆشانەوە تێپەڕ کردووە. ڕۆڵەی چەندین خێزان بوو. لێرەوە دەرکەوت، لەگەڵ هەڤاڵانیدا، بەگرووپی بەگەڕان لەناو گەل، لەنێو گوندو شارەکاندا، بە ٦ کەسەوە دەستییان پێکردو لەمڕۆدا گۆڕاون بۆ ملیۆنان کەسو لەهەموو جیهاندا دەنگی داوەتەوە. لەپەیامی ٢٧ی شوباتدا بینرا، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، ئەوروپا، ڕوسیا، چین هەموویان بەئەرێنییەوە نزیکی پرۆسەکە دەبنەوە، لێدوانی ئەرێنییان دا. پشتگیری خۆیان نیشان دا. لەبێ کەسییەوە گۆڕا بۆ خاوەنداری ملیۆنان کەس. ڕوانگە پێشکەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. مۆدێلی ژیانی پێشکەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. دەربارەی باسگەلی لەم شێوەیە قسەیان کرد".
عومەر ئۆجالان پەیوەست بە هەڵسەنگاندنە سیاسیەکانی ئاپۆوە، دەڵێت "ئەو پارادایمەی کە بەڕێز ئۆجالان دیاری کردووە، هەڵگری ڕوانگەیەکە کە دەتوانێت سەدەیەک بەڕێوەببات. پێویستە هەمووان بەم شێوەیە ڕوانگەکان ببینین. بێگومان لەسیاسەتەدا لەڕۆژهەڵاتی ناوین، لەتورکیا سیاسەت لەسەر ئاڵۆزی بەڕێوەدەبرێت. جیاوازی ئەتنیکی و باوەڕداریی ئەنجام دەدەرێت و مرۆڤ لەبەر ناسنامەو باوەڕەکانییدا لەنێو کەتیگۆرییەکاندا دادەنرێن. بەڕیز ئۆجالان هەموو ئەم نزیکایەتیانە دەخاتەلاوە. سیستەمێکی نوێی جیهانی، سیستەمێکی نوێی بەڕێوەبەری پێشکەش دەکات. یانی عەلەوی چۆن دەتوانی لەگەڵ سونەدا بژی، سوریان چۆن لەگەڵ ئەرمەنی، ئەرمەنی چۆن لەگەڵ موسڵماندا، کورد چۆن لەگەڵ تورکدا، عەرەب چۆن لەگەڵ فارسدا دەتوانێ بەشێوەیەکی مرۆڤانە بژێت؟ پارادایمەکانی بەڕێز ئۆجالان هەموو ئەمانە دەستنیشان دەکات. فۆرمەلەی هەموو ئەمانە لە لایەن بەڕیز ئۆجالانەوە نوسراوەتەوە. دەبێت دەوڵەت، دەسەڵاتداری و بەرپرسان بە جددیەتەوە نزیکی ببنەوە. ئافراندنی چارەسەری، بونیادنانی ئاشتی و دانانی پەیوەندی گرنگە. دەبینین ئەم مێزە لە ئیمراڵییدا زیندو و کارایە. بە چاوی خۆمان بینیمان لە پێگەیەکی لەوشێوەیەدایە کاتێک پێویستییان پێی هەبێت، هەڵوێستی خۆی نیشان دەدات، کاتێک پێویستییان پێی هەبێت زۆر بەنەرمی و ئەرێنییەوە نزیک دەبێتەوە. حەقیقەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شیکاری کرد. لەنزیکەوە ڕووداوەکان لەسوریا، عێراق، ئێران ئاگادارەو هەڵدەسەنگێنێت".