ئەم وتارەی رۆماننوسی ناوداری تورک، ئەلیف شەفەق لە"فاینەنشنال تایمز" بلاوکراوەتەوە
وەرگێڕانی: ئاوێنە
نوکتە لەتورکیادا شتێکی پێکەنیناوی نییە، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دڵەڕاوکێو سەرکوتکردن، هەڵگری بیرێکی قوڵی خەم و پەژارەیە. یەکێک لەنوکتە باوەکانی ئێمە لەم ڕۆژانەدا ئەمەیە: ڕۆژنامەنووسێک لەپشت شیشی زیندانەوە لەپاسەوانەکەی دەپرسێت ئایا هەندێک کتێبی هەیە بیخوێنێتەوەو پرسیار دەربارەی ڕۆمانێکی دیاریکراو دەکات. پاسەوانەکە دەڵێت: "نا، ئێمە ئەو ڕۆمانەمان نییە، بەڵام نوسەرەکەیمان لایە"!
تورکیا لە مێژە بووە بەیەکێک لەخراپترین زیندانەکانی جیهان بۆ میدیاکارانی پیشەیی، ئەکادیمیستو چالاکوانانی مافی مرۆڤ، بەپێی پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەریی جیهانی پەیامنێرانی بێ سنوور لەساڵی (٢٠٢٣)دا تورکیا لەڕیزبەندی ١٦٥هەمیندایە لەکۆی ١٨٠ وڵاتدا، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی زیندانیکراوی هەیە لەئەوروپادا. ئەوەی ئێستا زیندانیکراوە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی کاریزماتیک و زۆر خۆشەویستەکەی ئەستەنبوڵە. ئیمامئۆغڵو سیاسەتمەدارێکی ئاسایی نییە. جەماوەرێکی زۆری هەیەو گەورەترین ڕکابەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیایە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لەوەرچەرخانێکی شۆککەردا بڕوانامەی زانکۆی هەڵوەشایەوەو هەر لەو کاتەی کە خەریک بوو کاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتی تورکیا ڕابگەیەنێت دەستگیرکرا. ئەو ڕۆژەی پارتەکەی، پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) بەفەرمی وەک کاندیدی سەرۆکایەتی ناساند، ڕەوانەی زیندانی سیلیڤری کرا.
بە ملیۆنان کەس، چ لە تورکیا و چ لە سەرانسەری ڕەوەندی تورکی، لە بەرامبەر ئەم نادادپەروەرییە ئاشکراو سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیدا تووشی شۆک و تووڕەیی بوون. ناڕەزایەتییەکان لەسەرانسەری وڵاتدا سەریانهەڵداو لانیکەم لە ٥٥ پارێزگا لە کۆی ٨١ پارێزگاکەی تورکیا خۆپیشاندانو گردبوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجامدراون، سەرەڕای هەوڵی حکومەت بۆ رێگریکردن لەخۆپیشاندانەکان. ئەوەی کە خۆپێشاندان بە قەبارەیەکی وا فراوان لە وڵاتێکدا ڕوودەدات کە ئازادی میدیای تێدا لەناوچووەو نزیکەی هەموو کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان لەژێر سانسۆرێکی تونددان، خۆی لەخۆیدا جێگەی سەرنجە. ماڵپەڕی هیومان ڕایتس وۆچ بڵاویکردەوە، "کاربەدەستانی حکومەت سپرای بیبەرو گازی فرمێسکڕێژو فیشەکی پلاستیکی و لولەی ئاویان دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوەو ژمارەیەکی زۆریان بریندارکردووە". نزیکەی هەزار و ٩٠٠ کەس دەستگیرکران، تەنانەت ڕۆژنامەنووسانیش کە ڕووماڵی ڕووداوەکانیان دەکرد دەستگیرکراون. جەهەپە داوای کردووە بایکۆتی سەرتاسەری کۆمپانیاو میدیاکانی لایەنگری حکومەت بکرێت و بۆ چەند هەفتەی داهاتووش گردبوونەوەی زیاتر ئەنجامبدرێت.
ئەمە نەوەیەکی نوێیە کە دەیەوێت بەکەرامەتو ئازادیو دیموکراسی بژی. ئەوان گۆڕانکارییان دەوێت.
ژنان لەم ناڕەزایەتیانەدا ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن. لەوتارێکی کاریگەردا، دیلێک ئیمام ئۆغڵو هاوسەری ئیمام ئۆغڵو قسەی بۆ خەڵکەکە کردو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە چۆن "هەموو کەسێک شتێکی لەخۆی و ئەو نادادپەروەرییانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە لەوەی بەرامبەر ئەکرەم کراوە" دەبینێتو دەدۆزێتەوە. ژنانی تورکیا بەهەموو پاشخانەکانەوە دەزانن کە کاتێک وڵاتێک بەرەو دیکتاتۆریەتو خۆسەپێنی دەخلیسکێت، یەکەم زیان بەر مافەکانی ژنان دەکەوێت. پارتی دادو گەشەپێدانی ئەردۆغان لەڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ کشایەوە، کە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییەو قوربانیانی توندوتیژی خێزانی دەپارێزێت. ئەمەش لەوڵاتێکدا کە رێژەی ژنکوژیو توندوتیژی دژی ژنان لەزیادبووندایە.
بەڵام ئەوە گەنجانی تورکیان کە لەپێشەنگی ناڕەزایەتییەکان بوون. ئەمە نەوەیەکی نوێیە کە دەیەوێت بەکەرامەتو ئازادیو دیموکراسی بژی. ئەوان گۆڕانکارییان دەوێت. هەروەها بەشێوەیەکی درەوشاوە داهێنەرن. ڤیدیۆی خۆپیشاندەرێک کە جلوبەرگی پیکاچۆی لەبەردا بوو لەدەستی پۆلیسی ئاژاوەگێڕان هەڵدێت، لەسەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەوە. وێنەیەکی دیکەی سەرنجڕاکێش خۆپیشاندەرێک بوو کە دەمامکی غازی لەبەردا بوو، جلێکی دەروێشی سووڕاوەی لەبەردا بوو، بەهێواشیو بە ئارامییەوە دەسوڕایەوە کاتێک بەسپرای بیبەر گیرۆدە بوو. وێنەی کچە خوێندکارێک کە لەبەردەم تانکی پۆلیس دانیشتووەو کتێبی گرێبەستی کۆمەڵایەتی ژان ژاک ڕۆسۆی دەخوێندەوە، بیری هێناینەوە کە "هەموو مرۆڤێک بەئازادی لەدایکبووەو سەروەری خۆیەتی، کەسی دیکە ناتوانێت بەهیچ بیانوویەک ملکەچی بکات".
لەوڵاتێکدا کە بەهۆی ناسەقامگیری داراییو هەڵاوسانی بەربڵاوو دابەزینی بەهای دراوو بەرزبوونەوەی بێکاری گەنجانو زیادبوونی پاوانخوازی وێران بووە، ئیمام ئۆغڵو هێمای گۆڕانکاریو هیوا بوو. لەڕێڕەوی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا، هەمیشە دروشمی سەرنجڕاکێشی بووە: "هەموو شتێک جوان دەبێت". ئەوە خوێندکارێکی گەنج بوو بەناوی بێرکەی گێزگین، کە ئەم دروشمە گەشبینانەی داهێنا. ئێستا ئەویش، دەستگیر کراوە. هەر کەسێک ئەمڕۆ قسە بکات، مەترسی لەسەر هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا مەحاڵە قسە نەکات لەکاتێکدا ئەو دیموکراسییە بچووکەمان هەبووە زەوت دەکرێت.
لە نێو ئەوانەی لەگەڵ ئیمامئۆغڵو دەستگیرکران، ماهیر پۆڵات هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لەشوێنەوارناسی، یەکەی شوێەوارناسی لەشارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ (IBB)ی دامەزراند، یارمەتی نۆژەنکردنەوەی بینا مێژووییەکانی داو وەبەرهێنانی لەکاری هونەریی لەفەزای گشتی ئازادو گشتگیر، کتێبخانەو ناوەندە هونەرییەکان، هەروەها لەپاراستنی کولتووریو داهێنانی هونەریدا کرد. دەبوو سوپاسی خۆبەخشی بۆ ڕۆشنبیریو هونەری بکرایە، لەبری ئەوە زیندانی دەکرێت.
ئەمە هەست دەکەیت وەک خاڵی داڕمان وایە. ئەوەندە ساڵ بوو تورکیا بەرەو دواوە دەچوو، دامەزراوەو نۆرمەکانی دیموکراسی زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو. بەڵام ئێمە سندوقی دەنگدانمان هەبوو، ئەنجامدانی هەڵبژاردن گرنگ بوو - ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران نزیک بوو لەلوتکە لەنێوان وڵاتانی OECD. بەڵام ئێستا سندوقی دەنگدانیش، لەمەترسیدایە، بەو پێیەی جەماوەریترین ڕکابەری ڕێژیم بەناڕەوا زیندانی کراوە. تورکیا پێویستی بەدیموکراسی هەیەو شایەنی ئەوەیە، نەک دیکتاتۆریەتو پاوانخوازی.
نوکتەو دڵتەنگی شان بەشانی یەکتر دەڕۆن. ئێمە تەنیا لەبەر ئەوەی بەڕێککەوت چەندین کیلۆمەتر لەوڵاتی خۆمان دوورن، زێدی خۆمان هەرگیز لەبیر ناکەین؛ بەڵکو بۆ هەر شوێنێک بچین لەگەڵ خۆماندا دەیبەین. لەبێدەنگیماندا دەردەکەوێتو دێتە ناو خەونەکانمانەوە.