یوسف زیدان: بەداخەوە ناچمە هەولێر
  2025-04-06       801       

پاش ئەوەی هەڵمەتێك لەدژی بەشداریكردنی یوسف زیدان، نوسەری میسری لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، رێكخرا بەهۆی ئەوەی "سوكایەتی" بە سەڵاحەدینی ئەیوبی كردوە. ناوبراو دەڵێت، بەداخەوە ناچمە هەولێر. دەشڵێت، هەڵمەتەكە لەلایەن "پاشماوەكانی ئیخوان موسلمین و پشتیوانیان"ەوە لەدژی كراوە.

ئاوێنە: یوسف زیدان، نوسەری میسری، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك لە وتارێكدا لەژێر ناونیشنانی "بەداخەوە ناچمە هەولێر" وتویەتی"بەڵێنم بە براو هاوڕێ كوردە عێراقییەكانم دابو، ئەوانەی كە هەڵدەستن بە رێكخستنی پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر، بەشداری چالاكییەكانی پێشانگاكە بكەم كە دوسبەی دەستپێدەكات و سیمینارێك لە پێشانگاكە لەژێر ناوی: 'چاوخشاندنەوە بە مێژودا، بایەخ و مەترسییەكان'، پێشكەش بكەم."

ئەو نوسەرە میسرییە وتویەتی"لەگەڵ ئەوەی كە من چەندین جار لەماوەی مانگی رابردودا رامگەیاند بەشداری لە پێشانگاكە دەكەم لەپێناو بەدیهێنانی مافی ئەو خۆشەویستییەی كە بە ئاسۆی كوردستانی دێرینەوە دەمبەستێتەوە، زۆرێك لە دۆستە خۆشەویستەكانم لەوێ بە راگەیاندنی بەشداریكردنم دڵخۆش بون، بەڵام دو رۆژ لەمەوبەر سەرم سوڕما لەو هەڵمەتە نامەفهومەی بۆ گردبونەوە لە دژم و لەدژی سەردانەكەم كرا كە بڕیاربو سەردانەكەم بۆ ئەوێ چوار رۆژ بخایەنێت."

چەند رۆژێكە لە سۆشیال میدیا، هەڵمەتێک بۆ دژایەتیکردنی میوانداریکردنی ئەو نوسەرە میسرییە بۆ پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر، دەستیپێکردوە و بەشدارانی هەڵمەتەکە باس لەوە دەكەن "ئەو نوسەرە لە نوسین و لێدوانەکانیدا، سوکایەتی بە سەلاحەدینی ئەیوبی کردوە."

یوسف زێدان پێی وایە، ئەو هەڵمەتە "تۆفاناوییە لەناكاوە چالاكی كۆمەڵێك لە پاشماوەكانی ئیخوان موسلمین و پشتیوانانیانەوە" كراوەو وتوشیەتی، ئەوانە "پێیان وایە توشی شەرمەزاری بون كاتێك من هێرشم كردۆتە سەر سەڵاحەدین ئەیوبی، هێمای وەهمیانەی كورد، كە ئەو لەراستیدا كورد نییە، هیچ هێمایەكیش نییە تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت كە بازرگانی بە پرسی 'رزگاركردنی قودس'ەوە دەكەن."

بڕیارە رۆژی 9ی ئەم مانگە پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر دەستپێبكات.

نوسەرە میسرییەكە ئاماژەی بەوەداوە "ئەو هەڵمەتە توندە وایدەخواست حکومەتی ئەوێ، رێوشوێنی ئەمنی بگرێتەبەر، کە من ئەوەم بە ناتەبا لەگەڵ سروشتی چالاکییە رۆشنبیرییەكەو کەشی پێشانگای كتێبەكەدا دەبینی، بۆیە داوای لێبوردنم لە هاوڕێم فەخری کەریم، سەرۆکی دامەزراوەی مەدا کرد، کە پێشانگای کتێبەكە لە هەولێر و هەروەها بەغدا رێكدەخات، لەبارەی گەشت نەکردنم بۆ لایان لە ئێوارەی ئەمڕۆدا."

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، یوسف زێدان ستایشی مەسعود بارزانی كردوەو ئاماژەی بەوەداوە "من تامەزرۆ بوم بۆ ئەوەی لەوێ هاوڕێ و ئازیزانم ببینم، لە نێویاندا سەرکردەی کورد، مەسعود بارزانی، کە خۆویستانە دەستی لە دەسەڵات کێشایەوەو بۆ دوای خۆی جێهێشت، ساڵانێکیشە لەنێو ماڵەکەیدا ماوەتەوەو تەنیا ساڵی جارێک نەبێت، لێی دەرناچێت، دەرچونەکەشی بۆ ئەوەیە پێشانگای کتێبەكە لە هەولێر بکاتەوەو دیداری لەگەڵ بیرمەندان و نوسەران هەبێت."

ئەو نوسەرە میسرییە وتویەتی، سیمینارەكەم كە بڕیاربو لە پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر پێشكەشی بكەم، "لە وادەی دیاریکراودا، رۆژی پێنجشەممە سەعات 7:00ی ئێوارە، لە هەژماری فەرمیی خۆم لە فەیسبوک بەشێوەی راستەوخۆ پێشکەشی دەکەم، بۆ ئەوەی بۆ هەموان بەردەست بێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×