ترەمپ هەڕەشە لە چین دەكات: باجی گومرگی زیاترتان بەسەردا دەسەپێنین
  2025-04-07       221       

لەبەرامبەر باجە گومرگییە نوێكانی ئەمریكادا، دوێنێ چین، جگە لە باجەكانی پێشو، باجی گومرگی نوێی بەڕێژەی 34% بەسەر ئەمریكادا سەپاند. ترەمپ هەڕەشە لەو وڵاتە دەكات و دەڵێت، ئەگەر تاوەكو سبەی سێشەممە، چین باجە نوێكانی هەڵنەگرێت، ئەوا لە دوسبەیەوە، باجی زیاتر بەڕێژەی 50% بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" وتی، دوێنێ چین، لەبەرامبەر ئێمەدا، باجی گومرگی بەڕێژەی 34% بەسەردا سەپاندوین، ئەوەش وێڕای هۆشدارییەكەی من لەبارەی ئەوەی كە هەر وڵاتێك وەڵامی ئەمریكا بداتەوە بە سەپاندنی باجی گومرگی زیاتر، ئەوا روبەڕوی باجی گومرگی زیاتر دەبێتەوە لەلایەن ئێمەوە.

وتوشیەتی، بۆیە ئەگەر چین تا سبەی 8ی نیسان، ئەو باجە گومرگییە نوێیانەی كە بەڕێژەی 34% دەریكردون، لەسەر ئەمریكا هەڵنەگرێت، ئەوا ئەمریكا لە دوسبەی چوارشەممەوە باجی دیكەی گومرگی بەڕێژەی 50% بەسەردا دەسەپێنێت و هەروەها كۆتایی بە هەمو گفتوگۆكان لەگەڵ چین دەهێنێت لەبارەی ئەو كۆبونەوانەی كە داوای كردون لەگەڵمان ئەنجامیان بدات.

ترەمپ هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دیكە كە داوای كۆبونەوەیان لێ كردوین، دەستبەجێ دەست بە كۆبونەوەكان دەكەین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×