دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتو گفتوگۆی راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران دەبێت لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، ئەمشەو دوشەممە، لەكاتی پێشوازیكردنیدا لە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆشكی سپی، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەكەین. رۆژی شەممە گفتوگۆی راستەوخۆ دەكەین. كۆبونەوەیەكی زۆر گرنگمان دەبێت، با بزانین چی رودەدات.
وتیشی، پێموایە هەموان لەگەڵ ئەوەدان كە گەیشتن بە رێككەوتن باشترە، لەببری پەنابردنە بەر بژاردەی دیكە كە من خوازیاری ئەوە نیم، هیوادارم گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران سەركەوتو بن.
لێدوانەكەی ترەمپ لەبارەی ئێران چاوەڕوان نەكراو بو، چونكە تاوەكو ئێستا بەرپرسانی ئێران لە لێدوانەكانیاندا گفتوگۆ و دانوستانی راستەوخۆیان رەتكردۆتەوە و رایانگەیاندوە كە لەگەڵ دانوستانی ناڕاستەوخۆدان.