کۆمیسسۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، تۆماری ناوى دەنگدەرانى عێراق گەشتە نزیکەى 20 ملیۆن دەنگدەر.
ئاوێنە: موقتەدا سەدری دەڵێ، بەشداریی هەڵبژاردن ناکات، ئەوەش دەرگاى بە رووى کۆمەڵێک بابەتى نوێدا کردوەتەوە کە یەکێکیان دواخستنى هەڵبژاردن و یەکێکى تریان دروستکردنى حکومەتێکى فریاگوزارە بۆ دەرچوون لەو کێشەگەورەیەى کە لە سایەى ناکۆکییەکانى ئێران و ئەمریکا لەسەر گۆڕەپانى عێراق ئەگەرى یەکلایی کردنەوەى هەیە.
ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت هەلێک بۆ هەندێک لەپارتەکان هاتووتە پێشەوە کە قەرەبووى کەمبوونەوەى کورسییەکانیان بکەنەوە و بەشێکیش چاویان بڕیوەتە ئەو گەنجانەی کە یەکەمجاریانە دەنگدەدەن و بەشێکى دیکەش بەخۆشحاڵییەوە لەبەشدارینەکردنى رەوتى سەدر دەکەن کە بە 73 نوێنەرەوە لە پرۆسەى سیاسی کشایەوە.
شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن شانسی سودانى لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردندایە و وا چاوەڕێدەکەن زۆرینەى دەنگی رەوتى سەدر بچێت بۆ ئەو، بەمەش نەیارەکانى پەرێشانن و لە بیری دروستکردنی سیناریۆی دیکەدان.