ئێران "هاوڕێ نزیكه‌كه‌ی قاسم سوله‌یمانی" ره‌وانه‌ی سوریا ده‌كات
  2024-12-03       451       

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ سوریا رایگه‌یاند،  تیمێكی ڕاوێژكاری ئێرانی به‌په‌له‌ گه‌یشتنه‌ دیمه‌شق بۆ پاڵپشتیكردنی سوریا له‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هێرشه‌كانی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی باكور به‌ سه‌رۆكایه‌تی جه‌واد غه‌فاری فه‌رمانده‌ی پێشوی سوپای قودس له‌ سوریا كه‌ هاوڕێیه‌كی نزیكی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی پێشوی قودسی سوپای پاسداران بو.

ئاوێنه‌: ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیمی ئێرانی له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی سوریاوه‌ بڵاویكرده‌وه‌، جه‌واد غه‌فاری كه‌ به‌ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ داده‌نرێت كه‌ له‌ قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی پێشوی قودسی سوپای پاسداران نزیك بو، دوای چوار ساڵ له‌ جێهێشتنی پۆسته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سوریا، له‌كاتێكدا پێشتر سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕه‌ دیاره‌كانی كردوه‌، گرنگترینیان له‌ شاری حه‌له‌ب بوه‌ له‌ ساڵی 2017 شانبه‌شانی قاسم سوله‌یمانی، كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ڕۆیشتنی گروپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان به‌ره‌و باكوری سوریا، جگه‌ له‌ به‌شداریكردنی له‌ شه‌ڕه‌كانی دێره‌زۆر و ته‌دمیر و بیابانی سوریا.

 پێشتریش ئێران دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هێشتنه‌وه‌ی "ڕاوێژكاره‌ سه‌ربازییه‌كانی" له‌ سوریا بۆ پاڵپشتیكردنی هێزه‌كانی حكومه‌ت له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵكشانی ئه‌م دواییه‌دا، له‌ كاتێكدا ده‌سته‌ی ته‌حریر شام (به‌ره‌ی نوسڕه‌) و كوتله‌ هاوپه‌یمانه‌كانی هێرشی به‌رفراوانیان ده‌ستپێكردوه‌.

ئیسماعیل باغایی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "بونی ڕاوێژكارانی ئێرانی نوێ نییه‌ له‌ سوریا به‌ڵكو له‌ ڕابردودا بونی هه‌بوه‌ و له‌ داهاتوشدا به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌سه‌ر بنه‌مای خواستی حكومه‌تی سوریا بۆ پشتیوانیكردن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×