لاهور جەنگی: بافڵ تاڵەبانی ڕۆڵی لە هێنانی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا هەبووە
  2024-12-03       941       

سەرۆكی بەرەی گەل لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاوانبار دەکات و دەڵێت "خۆی و حیزبەکەی دەستیان لە هێنانی ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و مۆدێل كۆن لە هەرێمی كوردستان هەبووە".

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل نوسینێكی لەبارەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا داهاتی مەرزەکان "(هێڵی سەرۆکی یەکێتی) و بازگەکانی زۆنی سەوز زیاترە لە 150 ملیۆن دۆلاری مانگانە".

لاهور شێخ جەنگی لەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان یەکێتی تاوانبار دەکات و دەڵێت "ئەمڕۆ گوێبیستی ئەوە بووم گوایە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەستیان بەسەردادەگیرێت لەلایەن لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانییەوە، ئەمە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان ئیدارەی گشتیی یەكێتی داوای لێکردن کە ئەگەر ئاڵا و وێنەی سەرۆکی یەکێتی لە ئۆتۆمبێلەكانیان بدەن بۆ بانگەشە، ئەوا ئەوکات ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان کێشەیان نابێت لە داهاتوودا، ئەوانیش بە قسەیان کردن و ئۆتۆمبێلەكانیان سەوز پۆش کرد، ئەنجامەکەی چی بوو؟".

سەرۆكی بەرەی گەل وتیشی "لە دوو مانگی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی مۆڵەتی پێنج هەزار ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراوی داوە بە دوو بازرگانی ئۆتۆمبێل بۆ داخڵکردنیان لە مەرزی پەروێزخانەوە پێشەکیش پارەی خۆی بە کاش لەو دوو بازرگانە وەرگرتووە، کەچی ئێستا هەرخۆی بڕیاری داوە هەرکەسێک ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیبێت و لەسەر شەقام بێت، دەبێت دەستگیر بکرێت".

 

دەقی نووسینەکەی لاهور شێخ جەنگی:

 

بەڕاستی ناخۆشتان کردوە...

ئەرێ ئێوە ھەر بەزۆر حەز دەکەن خەڵک بێتە سەرجادە و چەکتان لێھەڵگرێت! نازانم دەبێت ئەم خەڵکی کوردستان چی لە ئێوە کردبێت کە بەم شێوەیە یاری بە عەقڵ و گاڵتە بە کەرامەتی دەکەن؟!

ئەگەر باسی  کێشەی موچە و موچەخۆر بکەین ئەوە نازانین لەکوێوە دەست پێبکەین؟! چونکە ناکرێت گوایە لەبەر کورتھێنانی داھاتی ناوخۆ سێ مانگە ناتوانن موچە بدەن! ئەمە لە کاتێکدایە تەنھا داھاتی مەرزەکان ( خەتی تایبەتی سەرۆک )و بازگەکانی زۆنی سەوز زیاترە لە ١٥٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە واتا نزیکەی دوو تریلیۆن و  سێ سەد میلیۆن دینار، زۆنی زەردیش دڵنیام ٣ ھێندەی زۆنی سەوزە، ئەمە جگە لە داھاتی ئەو نەوتەی کە ھەردوولا بە قاچاغ دەیفرۆشن کەچی دەڵین داھاتی ناوخۆ بەشی موچە ناکات؟! ئەمە ھەم سەیرە ھەم شورەیی! ١٠ ساڵ زیاترە مووچە وەک چەک دژی میللەتەکەی خۆتان بەکاردەھێنن و لەسەر حسابی موچەخۆران گەندەڵی و تاڵانی دەکەن! 

ئەمڕۆش گوێبیستی ئەوە بووم گوایە سەیارە بێسەرەتاکان دەستیان بەسەردادەگیرێت لە لایەن لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانییەوە! ئەمە لەکاتێکدایە لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان ئیدارەی گشتی داوای لێکردن کە ئەگەر ئاڵاو ڕەسمی سەرۆکی یەکێتی لەسەیارەکانیان بدەن بۆ بانگەشە، ئەوا ئەوکات سەیارە بێمۆڵەتەکان کێشەیان نابێت لە داھاتوودا، ئەوانیش بەقسەیان کردن و سەیارەکانیان سەوز پۆش کرد! ئەنجامەکەی چی بوو؟!

ھەروەھا لە ٢ مانگی ڕابردوودا خودی سەرۆکی یەکێتی مۆڵەتی پێنج ھەزار سەیارەی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراوی داوە بە دوو بازرگانی ئۆتۆمبێل بۆ داخڵکردنیان لە مەرزی پەروێزخانەوە پێشەکیش پارەی خۆی بە نەقدی لەو دوو بازرگانە وەرگرتووە کەچی ئێستا ھەرخۆی بڕیاری داوە ھەرکەسێک ئەو سەیارانەی کڕیبێت و لەسەرجادە بێت دەبێت دەستگیر بکرێت؟!

جا بۆیە ھەست دەکەم بەزۆر دەتانەوێت خەڵک بێننە سەرجادە بەڵام ئەمجارەیان بەچەکەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×