فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە مەترسی شەڕی سوریا لە عێراق نزیکبووەتەوە و دەشڵێت "سێ لیوای چەکدارە عێراقییەکان کە پەیوەندییان بە حکومەتی عێراقەوە نییە لە سوریا شەڕ دەکەن".
ئاوێنە: عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا بە میدیا کوردییەکانی راگەیاندووە "هیچ هێزێکی فەرمیی حەشدی شەعبی، لە سنورەکانی سوریا بوونی نییە و ئەو هێزانەی هەن چەکداری عێراقین و لە بەرەی بەرگرین لە سوریا".
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەدات، ئەو چەکدارە عێراقییانەی لە سوریان هیچ پەیوەندییەکی فەرمییان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نییە، لە کاتێکدا، زیاتر لە سێ لیوای چەکدارە عێراقییەکان لە سوریا شەڕ دەکەن.
جەزائیری وتیشی "ئەو لیوا و چەکدارە عێراقییانە لەوێن پابەندی بڕیارەکانی حکومەت نین".