هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشکرا دەکرێت
  2024-12-04       605       

هەرچەندە بریاربو ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و پرسى سێ موچەکەى ئەمساڵ یەکلایی بکاتەوە، بەهۆى وەڵامنەدانەوەیان لەلایەن بەغدادەوە لەو داواکارییەى پێشکەشیان کردبو، کۆبونەوەکەیان نەکرد.

ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنى وەزیران راوێژیان تایبەت بە کێشەى موچەى مانگەکانى 10 و11 و 12 لەنێوان خۆیاندا کردوە و بەردەوامیش نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ نوێنەرى وەزارەتى دارایی عێراق لەسەر هێڵن لەبارەى ئەو پرسەوە.

هاوکات لە ئێستادا ئەنجومەنى وەزیران چاوەڕێی وەڵامى ئەو نوسراوە دەکات کە ئاڕاستەى بەغدادى کردوە و تێیدا داواى بڕى 430 ملیار دینار کراوە بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و بەهۆى ئەوەى تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە، کۆبونەوەکەیان ئەنجام نەداوە.

هەربەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئامادە دەبێت و لەوێ نوێنەرانى کورد داواى چارەسەرى کێشەى موچەى سێ مانگى کۆتایی ئەمساڵى لێدەکەن و داواش دەکەن هەموارى یاساى بودجە بکرێت بەتایبەت ماددەى 12 کە پەیوەستە بە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى عێراق و دەرکردنى ئینفاقى فعلى لە خەرجى گشتى.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×