ئا: ئاوێنە
دەستگرتنی چەکدارانی هیئەی تەحریری شام بەسەر حەلەبو دەستگرتنی چەکدارانی "سوپای نیشتیمانی سوریا"ی سەر بەتورکیا بەسەر تەل رەفعەتدا، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە هاوسەنگی هێز لەسوریادا روو لەگۆڕانکارییە.
هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەفەرماندەیی گروپی هەیئەی تەحریری شام بەخێرایی حەلەبیان گرتو دواتر گەیشتنە دەروازەی حەماو ئێستا هەڕەشەی دەستگرتن بەسەر ئەو شارەداو دەرپەڕاندنی هێزەکانی سەر بەرژێمی ئەسەد دەکەن.
سوپای نیشتیمانی سوریا، کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، تەل رەفعەتیان لەدەست هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەرهێنا. بەم شێوەیە تەنیا ناوچەی مەنبەج لەڕۆژئاوای ڕووباری فورات بەدەست هێزەکانی هەسەدەوەیەو ئەگەری زۆرە ئاڕاستەیەکی دیکەی شەڕ روو لەناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە، لەمەنبەجو کۆبانی بکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا، هێزە عەرەبییەکانی ناو هەسەدە بەپشتیوانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەسەد لەبیابانی دێرزور. ئەمە لەکاتێکدایە کە تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە بڕبڕەی پشتی (هەسەدە) پێکدەهێنن، بەدرێژکراوەی پەکەکە دەزانێت.
کەواتە ئەم هەموو پێشهاتانە بۆ سوریا مانای چییەو کێ لەو وڵاتەدا باڵادەستە؟
دوای ١٣ ساڵ، هێشتا شەڕ لەسوریا بەردەوامە. لەساڵی ٢٠١١ ناڕەزایەتی ئاشتیانە دژ بە بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا گۆڕا بۆ شەڕێکی ناوخۆیی. نیو ملیۆن کەس تا ئێستا لەم شەڕو ململانێیەدا گیانیان لەدەستداوە، بەدەستێوەردانی وڵاتانی ئێرانو تورکیاو ڕوسیاو ئەمریکا، شەڕی سوریا گۆڕاوە بۆ شەڕی بەوەکالەت.
لە ئێستادا سوریا دابەش بووە بەسەر چوار بەشی جیاوازدا کە یان لەژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەددایە یان لەلایەن گروپە چەکدارە جیاوازەکان، کە هەریەکەو خاوەنی ئایدۆلۆژیاو پەیوەندی جیاوازن بەسەر ئەو روبەرەدا باڵادەستن.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە کۆنترۆڵکردنی ناوچە جیاوازەکانی سوریا گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. حکومەتەکەی ئەسەد، کە سەرەتا ڕووبەرێکی فراوانی وڵاتەکەی کەوتبووە دەست هێزە یاخیبووەکانەوە، لەساڵی ٢٠١٥وە بەپاڵپشتی روسیاو ئێرانو حزبوڵای لوبنان دوو لەسەر سێی ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵکردەوە.
بەڵام لەناوچەکانی باکوری هاوسنووری تورکیا، گروپە چەکدارەکان کە لەلایەن تورکیا یاخود ئەمەریکا پاڵپشتی دەکرێن، چەندین ناوچەیان لەبندەستدایە.
لە ڕۆژهەڵاتی دیمەشقەوە تا دەگات بەڕوباری فورات، بەناوچەی باڵادەستی ئێران دادەنرێت، کە ئێستا حەلەبیان لەدەستداوەو هێزە دژ بەرژێمی ئەسەدو ئێرانەکان بەرەو حەما دەچن.
لەناوچەکانی لازقیەو کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست تا دەگات بەدیمەشقو ناوچەکانی باشووریش بەناوچەی باڵادەستی روسیا دادەنرێن.
ئێرانو ڕوسیا، گرنگترینو بەهێزترین پشتیوانی دەسەڵاتی ئەسەدن.
لازقییە، گرنگترین بەندەری سوریا لەسەر دەریای ناوەڕاست، لەژێر کۆنترۆڵی ئەسەددایەو لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆوە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لەمانەوەی ئەسەددا لەسەر تەختی دەسەڵات.
بەدووری نزیکەی 120 کیلۆمەتر لەسنووری باکوورەوە، پارێزگای ئیدلب هەڵکەوتووە، کە دوا بنکەی گرنگی ئیسلامییە چەکدارەکان بوو لەدژی ئەسەد. لەساڵی ٢٠١٥ەوە کە هێزەکانی حکومەت کۆنترۆڵی ئەم پارێزگایەیان لەدەستدا، ئیدلب بەدەست چەند گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕکابەرەوە بووە.
لە ئێستادا زۆربەی ناوچەکانی ئیدلب لەژێر دەسەڵاتی هەیئەی تەحریری شامدایە، کە گروپێکی سیاسیو سەربازی ئیسلامی سوننەیە. پێشتر ئەم گروپە بەناوی جەبهەی نەسرە-وە چالاکی دەکرد، کە لقێکی سەر بەڕێکخراوی قاعیدە بوو لەسوریا.
لە ساڵی ٢٠١٧ جەبهەی نەسرە ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاعیدە دەپچڕێنێت، چونکە گروپە یاخیبووەکانی دیکەی سوریا بەهۆی پەیوەندییان بە"قاعیدە"وە، ئامادە نەبوون هاوکاریان بکەن.
بەڵام هێشتا ئەمریکا ئەم گروپە سەر بەقاعیدە دەزانێتو لەلیستی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان"دا دایناوە.
بەشێكی دیکەی باکورو باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، کە ڕۆژئاوای کوردستانە، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"یەو لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت. ئەم ناوچەیە ڕێکخراوترین ناوچەی ئێستای سوریایە، بەدەوڵەتێکی بچووک لەچوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا دادەنرێت.
تورکیا لەساڵی ٢٠١٧دا، ئەو گروپە میلیشیایانەی کۆکردەوە کە پشتیوانی لێدەکردن لەژێر ناوی "سوپای نیشتمانی سوریا" رێکیخستن. ئەم گروپانە پێشتر بە"سوپای ئازادی سوریا" ناسرابوون.
سوپای نیشتیمانی سوریا، ئەو گروپانە لەخۆدەگرێت کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەدەزگای سەربازیو میتی تورکیاوە هەیە، وەک لیوای سوڵتان موراد، هەروەها ئەو گروپانەی پەیوەندییان بەئیخوان موسلیمینو قەتەرەوە هەیە. ئەم گروپە کار بۆ جێبەجێکردنی ئامانجو ئەجنداکانی تورکیا دەکات، لەبەرئەوە بەتوندی دژایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن کە کوردەکان سەرکردایەتی دەکەن.
لە ئێستادا سوپای نیشتیمانی سوریا بەپاڵپشتی تورکیا ناوچەیەکی فراوانی لەعەفرینەوە تا جەرابلوس لەڕۆژئاوای ڕووباری فوراتو لەتەل ئەبیادەوە تا ڕاس ئەلعەین لەڕۆژهەڵات کۆنترۆڵ کردووەو لەم چەند رۆژەی رابردووشدا تەلرەفعەتیان داگیر کردو ئێستا هەڕەشە لە"مەنبەج" دەکەن.
سوپای نیشتیمانی سوریا بەشێکە لەو پێکهاتە ئیدارییەی کە بە"حکومەتی کاتی سوریا" ناسراوەو سوپای تورکیاش ڕۆڵێکی بەرچاویان لەم ناوچەیەدا هەیە، کە هەر شوێنێکیان لەسوریادا داگیر کردووە رادەستی ئەوانیان کردووە.