تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوڵاتییەك لە سنوری ناحیەی كانی ماسێ بەتەقەی سەربازانی توركیا شەهیدبو. رێكخراوەكە دەڵێت، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، 18 هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكانی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان شەهیدبون و 4 هاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربون.
ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی لە راگەیەندراوێكدا وتی"سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، سێ هاوڵاتی گوندی قومری لە ناحیەی کانی ماسێ، لە دەڤەری بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی ڕویانکردە چیای هرورێ کە بەنزیکی یەك کیلۆمەتر و نیو لە گوندەکەی خۆیانەوە دورە، بەڵام لەلایەن سەربازای تورکیا لەسەر لوتکەی کەفرە سۆرەوە تەقەیان لێکرا و لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی مەدەنی بە ناوی (سەباح عەبدولستار قومری) لە دایکبوی ساڵی 1979 بە فیشەکی سەربازانی تورکیا پێکرا و گیانی سپارد."
ئەوەشی خستۆتەڕو، سوپای تورکیا، لە مانگی نیسانی ساڵی 2021ەوە و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی-هەورە بروسکەدا چوار بارەگای سەربازی بە قوڵایی حەوت کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، لە دەوروبەری گوندی هرورێ لەسەر لوتکە چیاکانی (کەفرە سۆر، مەلا ڕدی، دەرارێ و زناری کێستە) دروستکردوە و سەرباز و تۆپخانەی لەناو ئەو بارەگایانەدا جێگیرکردوە.
وەك كامەران عوسمان ئاشكرایكردوە، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، 18 هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان شەهیدبون و 4 هاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربون.