هۆشدارییەك لەبارەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی
  2024-10-16       186       

ژمارەیەك نوسەرو ئەكادیمی و چالاكوانی كورد داوای دواخستنی سەرژمێریی گشتی دەكەن كە بڕیارە لە 20ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەبچێت و هۆشداریش دەدەن كە لە ئەگەری ئەنجامدانی سەرژمێرییەكەدا عەرەب لە ناوچە جێناكۆكەكان دەبنە زۆرینەو شتێكیش بەناوی هەرێمی كوردستانەوە نامێنێت چونکە بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی دەبنە عەرەب.

ئاوێنە: ژمارەیەك نوسەرو ئەكادیمی و چالاكوانی كورد، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بانگەوازێكدا داوا دەكەن سەرژمێریی گشتی لە عێراق دوابخرێت.

بەقسەی ئەو نوسەرو ئەكادیمی و چالاكوانانە "هەمو ئەوانەی سەدان ساڵە بە هۆکاری تەعریب، کۆچ و خۆشگوزەرانی، شەڕی ناوخۆی شیعە-سوننە، بێئاویی و بەبیابانبون..هتد، هاتونەتە کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، لە شوێنی خۆیان ناونوس و تۆمار دەکرێن، تۆمارێک کە هەتا هەتایە وەک خۆی دەمێنێتەوە و هێز نییە دوای تۆمارکردنی ئەو هەمو عەرەبە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و لە هەرێمی کوردستان بگێڕێتەوە ناوچەکانی کە لێوەی هاتون."

بەپێی بانگەوازەكە، ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە لانیکەم 600 هەزار عەرەبی تەعریب ئێستا لە شاری کەرکوک و دەوروبەری نیشتەجێبون، هاوکات، زیاتر لە ملیۆنێک عەرەب نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن.

ئەوان دەڵێن"دوای ناونوسکردن و تۆمارکردنی ئەوانە لە ڕۆژی سەرژمێریی، ئیدی ئەوانە دەبن بە ئەمری واقیع و لە دەنگدانی داهاتودا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن، بەمەش ئەنجومەنی پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پڕ دەبن لە نوێنەری عەرەبەکانی کوردستان."

ئەو نوسەرو چالاكوان و ئەكادیمیانە داوا لە حکومەتی هەرێم، حیزبە سیاسییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، پیاوانی ئایینی، ڕوناکبیران و ئەکادیمییەکان دەكەن هاوکاری یەکدی بکەن و هەوڵ بدەن کە سەرژمێریی لە عێراق نەکرێت و مەرجی ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بسەپێنرێت بۆ هەر سەرژمێرییەک کە لە عێراق ئەنجام دەدرێت.

هەروەها داواش دەكەن كە لە ئەگەری سەرنەگرتنی هەوڵەكان و دوانەخستنی سەرژمێرییەكەدا، حکومەتی هەرێم بڕیاری بایکۆتی سەرژمێرییەکە بدات و نە‌هێڵێت حکومەتی عێراق لە هەرێم سەرژمێریی بکات و داوا لە کوردستانیان بکات لە هەر شوێنێک هەن بە هیچ شێوەیەک نە‌هێڵن کارمەندانی سەرژمێریی بێن بۆ ماڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.

بەبڕوای خاوەنانی بانگەوازەكە، "سەرژمێریی ئەنجام بدرێت، واتە کۆتایی شتێک کە پێی دەوترێت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم (کێشە لەسەرەکان) چونکە ئیدی زۆرینەی عەرەب لەو ناوچانە مسۆگەر دەبێت، لەوەش ترسناکتر بەفەرمی و بەیاسایی دەکرێت. لە پاڵ ئەمانە، شتێک بەناوی هەرێمی کوردستان-یش نامێنێت چونکە بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی دەبن بە عەرەب، هەر 10 ساڵی دیکەی دەوێت کە کورد لە هەرێمیش ببن بە کەمینە."

دەقی بانگەوازەكە:

بانگەوازێک بۆ دواخستنی سەرژمێری

بڕیارە سەرژمێریی گشتیی لە 20-11-2024 لە سەرتاسەری عێراق ئەنجام بدرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٢٠٠٣ تا ٢٠١٧ کە کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم باڵا دەست بو، هێزە عێراقییەکان نەک هەر ئامادە نەبون بەڵكو بە هەمو شێوەیەک ڕێگریان دەکرد لە ئەنجامدانی سەرژمێریی، بەڵام دوای دەرپەڕاندنی کورد و دەستپێکردن بە قۆناغێکی نوێ لە گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە بە بەرچاوی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە، ئێستا پێداگری لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێریی دەکەن. ئێمە پێمان وایە، لەو دۆخەی ئێستا کە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم پێیدا تێپەڕ دەبێت ئەنجامدانی سەرژمێریی بە مانای بەفەرمی قەبوڵکردنی سیاسەتی تەعریب و ڕاگواستنی سەد ساڵەی دەوڵەتی عێراق-ە چونکە بەفەرمی ناونوسکردن و تۆمارکردنی سەدان هەزار عەرەبی ئاوارە و نیشتەجێی کاتیی هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە. ئەمەش بەکورتی بە مانای لەدەستدانی یەکجارەکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و بەعەرەببونی هەرێمی کوردستان دێت. بۆیە، ڕێگری کردن لە ئەنجامدانی سەرژمێریی لە عێراق ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و ئایینیی و مرۆییە.

سەرچاوەی ئەو ترسەی ئێمە لە سەرژمێریی گشتیی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکار و دۆخانە:

یەکەم، کورد هیچ ئامادە نییە بۆ سەرژمێریی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم. ماددەی ١٤٠ لە دەستوری عێراقی جێبەجێ نەکراوە، واتە نە عەرەبە هاوردەکان نێردراونەتەوە نە کورد و تورکمانە دەرپەڕێنراوەکان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.

دوەم، خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم وەک پێویست بۆ ئامادەکارییەکان نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان چونکە ژینگەی گەڕانەوەیان لەبار و گونجاو نییە.

سێیەم، دیاری نەکردنی "نەتەوە" و نەبونی "حەقلی نەتەوە" لە فۆرمی سەرژمێریی، بە زەقی نیازی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە دەردەخات کە بەبێ بەش کردنی نەتەوەی کوردە لە ناسنامەی نەتەوەی و کولتوری زمانی. 

چوارەم، هەمو ئەوانەی سەدان ساڵە بە هۆکاری تەعریب، کۆچ و خۆشگوزەرانی، شەڕی ناوخۆی شیعە-سوننە، بێئاویی و بەبیابانبون، هتد، هاتونەتە کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، لە شوێنی خۆیان ناونوس و تۆمار دەکرێن، تۆمارێک کە هەتا هەتایە وەک خۆی دەمێنێتەوە و هێز نییە دوای تۆمارکردنی ئەو هەمو عەرەبە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و لە هەرێمی کوردستان بگێڕێتەوە ناوچەکانی کە لێوەی هاتون.

پێنجەم، ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە لانیکەم ٦٠٠ هەزار عەرەبی تەعریب ئێستا لە شاری کەرکوک و دەوروبەری نیشتەجێ بون. هاوکات، زیاتر لە ملیۆنێک عەرەب نیشتەجێی هەرێمی کوردستان-ن. دوای ناونوسکردن و تۆمارکردنی ئەوانە لە ڕۆژی سەرژمێریی، ئیدی ئەوانە دەبن بە ئەمری واقیع و لە دەنگدانی داهاتودا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن، بەمەش ئەنجومەنی پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پڕ دەبن لە نوێنەری عەرەبەکانی کوردستان.

شەشەم، فۆرمی سەرژمێریی خانەی تایبەتی تێدایە بۆ ئەو کەسانەی کە بە زۆرەملێ لە ماڵەکانیان دەرکراون و لە شوێنێکی دیکە نیشتەجێبون، بۆ نمونە، عەرەبێکی تکریت هاتبێتە هەولێر. بەڵام هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە کە کەسێک وەک بەشێک لە پڕۆسەی تەعریب هاتبێتە ناوچە دابڕێنراوەکان یان هەر ناوچەیەکی دیکەی کوردستان. بەمەش، ئەوەی وەک تەعریب هاتۆتە کوردستان بەتەواوی دیزەبەدەرخۆنەی پێ دەکرێت و بزر دەبێت.

بۆیە، ئێمە پێمان وایە کە کوردستانیان تەنیا دو بژاردەیان لە پێشە کە دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرین:

یەکەم، هەمو لایەنەکان، حکومەتی هەرێم، حیزبە سیاسییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، پیاوانی ئایینیی، ڕوناکبیران و ئەکادیمییەکان، هاوکاری یەکدی بکەن و هەوڵ بدەن کە سەرژمێریی لە عێراق نەکرێت و مەرجی ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بسەپێنرێت بۆ هەر سەرژمێرییەک کە لە عێراق ئەنجام دەدرێت.

دوەم، ئەگەر هەوڵەکان سەریان نەگرت و سەرژمێریی دوانەخرا، ئەوا حکومەتی هەرێم بڕیاری بایکۆتی سەرژمێرییەکە بدات و نە‌هێڵێت حکومەتی عێراق لە هەرێم سەرژمێریی بکات و داوا لە کوردستانیان بکات لە هەر شوێنێک هەن بە هیچ شێوەیەک نە‌هێڵن کارمەندانی سەرژمێریی بێن بۆ ماڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.

سەرژمێریی ئەنجام بدرێت، واتە کۆتایی شتێک کە پێی دەگوترێت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم (کێشە لەسەرەکان) چونکە ئیدی زۆرینەی عەرەب لەو ناوچانە مسۆگەر دەبێت، لەوەش ترسناکتر بەفەرمی و بەیاسایی دەکرێت. لە پاڵ ئەمانە، شتێک بەناوی هەرێمی کوردستان-یش نامێنێت چونکە بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی دەبن بە عەرەب، هەر دە ساڵی دیکەی دەوێت کە کورد لە هەرێمیش ببن بە کەمینە.

د. شێرکۆ کرمانج، ئەکادیمی و توێژەر و نوسەر

د. محەمەد شوانی، ئەکادیمی و توێژەر و نوسەر

عارف قوربانی، نوسەر و ڕۆژنامەنوس

عەبدولرەحمان عوسمان، ئەندازیار و چالاکوان

محەمەد ئەمین، چالاکوان و نوێنەری جوتیارانی کورد لە پارێزگای کەرکوک

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×