سەرکردەیەکی عەرەب: عێراق دەمێکبو پلانی کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوکی داڕشتبو بەڵام ریفراندۆم پلانەکەی پێشخست
  2024-10-16       279       

سەرۆکی پارتی ئامانجی عێراقی لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، ریفراندۆم پلانی کۆنترۆڵکردنی کەرکوکی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 پێشخست، ئەگینا پلانی کۆنترۆڵکرددنی ئەو ناوچانە دەمێک بو داڕێژرابو.

ئاوێنە: ئیسماعیل حەدیدی، سەرۆکی پارتی ئامانج و سەرکردەی سیاسی عەرەبی سونە لە کەرکوک، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش و گرتنەوەی ناوچەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، عێراق هێزێکی زۆری لە حەمرین کۆکردەوەو ئامادەی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکوک."

لە ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، سوپای عێراق هێرشێکی چڕو هەمە لایەنەی کردە سەر کەرکوک و زۆربەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا زۆربەی ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێم دەرهێنا.

ئەنجامدانی هێرشی عێراقی بۆ سەر کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەکاتێکدابو، سوپای عێراق و پێشمەرگە پێکەوە شەڕی داعشیان دەکرد، بەڵام لە پڕ دۆخەکە گۆڕا بۆ شەڕی نێوان ئەو دو هێزە.

ئیسماعیل حەدیدی وتی"ئێران و تورکیاو زۆربەی وڵاتان بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان هاوکاری حکومەتی عێراق بون، چونکە پلانی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە دەمێک بو داڕێژرابو."

هەروەها وتیشی،"یاخیبونی ئیدارەی ئەوکاتی کەرکوک لە حکومەتی عێراق و جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی عێراق، لاوازی و نەبونی هێزە عێراقییەکان لەناو کەرکوک و هەروەها ئەنجامدانی ریفراندۆم بەبێ ڕەزامەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پلانی کۆنترۆڵکردنی کەرکوکیان پێشخست."

لایەنە کوردییەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی لە دوای ڕوخانی بەعسەوە لە ساڵی 2003 تا ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، دەسەڵاتی تەواویان لە کەرکوک هەبو، بەڵام دوای 16 ی ئۆکتۆبەر زۆربەی دەسەڵاتەکانیان لێ وەرگیرایەوە.

تا پێش کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، پێکهاتەی عەرەبی و تورکمانی ناڕازیبون و کوردیان بە قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان تۆمەتبار دەکرد، بەڵام دواتر هاوکێشە بە جۆرێک گۆڕا کورد بوە لایەنی ناڕازی و عەرەب و تورکمانیش دەسەڵاتیان گرتە دەست.

حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، وتی،"16ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامی کۆمەڵێک هەڵەی کەڵەكەبوی حزبە کوردییەکان بو کە لە کەرکوک ئەنجامیاندا."

هەرچەندە حەوت ساڵ بەسەر 16ی ئۆکتۆبەرو لە دەستدانی ئەو ناوچانە لەلایەن کوردەوە تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا لێکەوتەکانی ئەو ڕوداوە بەردەوامی هەیەو یەکێتی و پارتی یەکتری تۆمەتبار دەکەن.

یەکێتی لەلایەن پارتییەوە بە ڕێککەوتن و ڕادەستکردنی ئەو ناوچانە بە حکومەتی عێراق تۆمەتبار دەکرێت، لەکاتێکدا یەکێتی هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەرەڕۆیی پارتی دەگێڕێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×