ناوەڕۆكی كۆبونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان
  2024-10-16       265       

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە كۆبونەوەی نێوانیاندا جەختیان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كردۆتەوەو نيگه‌رانيى خۆیشيان ده‌رباره‌ى ئاڵۆزيى دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و مه‌ترسى و ئه‌گه‌رى لێكه‌وته‌كانى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه‌ ده‌ربڕى.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/10/16 له‌ ئه‌نقه‌ره‌، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركيا كۆبوه‌وه‌.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوريدا كرده‌وه. له‌مباره‌يه‌وه‌ چۆنيه‌تيى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ده‌ر‌فه‌ته‌كانى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى توركييان له‌ ناوچه‌ جياكانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كرد.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سه‌رۆك كۆمارى توركيا، به‌رده‌واميى هاوكارى و پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شی نێوانيانی له‌ هه‌مو بواره‌كاندا، دوپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌يى و خواستى كه‌رتى تايبه‌تى وڵاته‌كه‌ى بۆ كار و وه‌به‌رهێنان له‌ بوار و كه‌رته‌ جياكاندا نيشان دا.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌دا، بەپێی راگەیەندراوەكە، هه‌ردولا نيگه‌رانيى خۆيان ده‌رباره‌ى ئاڵۆزيى دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و مه‌ترسى و ئه‌گه‌رى لێكه‌وته‌كانى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه‌ ده‌ربڕى. له‌مباره‌يه‌وه‌ هاوڕا بون كه‌ پێويسته‌ هه‌موان كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زياترى ئالۆزييه‌كان بگيرێت و كێشه‌كان ئاشتييانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، پرۆژه‌ى ڕێگه‌ى په‌ره‌پێدان، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆرو به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى داعش، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبونه‌كه‌وه‌ بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×