ئا: ئاوێنە
سوپای ئیسرائیل کوژرانی "یەحیا سەنوار"ی سەرکردەی حەماسی لەخانوویەکدا لەغەزە راگەیاند، ئەو ئەندازیاری هێرشی ٧ی ئەکتۆبەر بوو، کە زیاتر لەساڵێکە ئەم ناوچەیەی خستوەتە ئاگری شەڕەوە.
حەوت خاڵ گرنگە دەربارەی یەحیا سەنوار بزانرێت:
١/ یەحیا سەنوار ساڵی ١٩٦٢ لەکەمپی پەنابەرانی خان یونس لەکەرتی غەزە لەدایکبووە. زێدی بابو باپیرانو بنەماڵەکەی "مەجدەل عەسقەلان" بوو، کە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەساڵی ١٩٤٨دا ئاوارە بوونو بەجێیانهێشتو پەنایان بۆ خان یونس برد، بەڵام لەساڵی ١٩٦٧دا خان یونس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە داگیر کرا. یەحیا خوێندنی سەرەتایی لەقوتابخانەکانی سەر بەدەزگای پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA) تەواو کردو پاشان لەزانکۆی ئیسلامی لەغەزە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەزمانی عەرەبیدا بەدەستهێنا.
٢/ یەحیا سەنوار تەمەنی ٦٢ ساڵەو ٢٤ ساڵی تەمەنی لەزیندانەکانی ئیسرائیلدا بەسەربردووە، کە زۆربەی تەمەنی گەنجیەتی. سەنوار سێ جار دەستگیرکراوە، یەکەمجاریان لەساڵی ١٩٨٢ بوو، کە هێزەکانی ئیسرائیل بەتۆمەتی بەشداریکردن لە"چالاکی تێکدەرانە" بۆ ماوەی چوار مانگ لەدەستبەسەری ئیداریدا هێشتیانەوە. ساڵی ١٩٨٨ سەنوار بەهۆی بەشداربوونی کارایەوە لەڕێکخستنی "ئینتیفازەی فەلەستین"دا بۆ جاری سێیەم دەستگیر کراو سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا. کاتێک سەنوار ماوەی زیندانییەکەی بەسەردەبرد، سەربازێکی ئیسرائیل بەناوی "جلعاد شالیت" لەلایەن حەماسەوە بەبارمتە گیرا. ئیسرائیل ناچار بوو هەموو شتێکی پێویست بکات بۆ ئازادکردنی. سەرەنجام لەبەرامبەر ئازادکردنیدا، ئیسرائیل ١٠٠٠ زیندانیکراوی بزوتنەوەی فەتحو حەماس، لەنێویاندا یەحیا سنواریشی لەساڵی ٢٠١١ ئازادکرد. سەنوار دوای ئازادبوونی وەک سەرکردەیەکی دیاری بزوتنەوەی حەماسو ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە گەڕایەوە بۆ غەزە.
٣/ یەحیا سەنوار سەرکردەیەکی مەیدانی رادیکال بوو، دامەزرێنەری دەزگای ئەمنیی حەماس بوو کە بە"مەجد" ناسراوەو تایبەتە بەدۆسیەی ئاسایشی ناوخۆ، وەک ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەکرێگیراوانی ئیسرائیل، شوێن پێهەڵگرتنی ئەفسەرانی موسادو دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل، بەدەزگایەکی توندوتیژ ناوی دەرکردووە . هەروەها سەنوار لەگەڵ "محەمەد زەیف"و "مەروان عیسا" سێ فەرماندەی هەرە کاراو کاریگەری باڵی سەربازی حەماسو کەتائیبی عێزەدین قەسام بوون. هەروەها سەنوار نوسەرو وەرگێڕی چەند کتێبێکە لەزمانی عبرییەوە بۆ عەرەبی.
٤/ سەنوار یەکێک بوو لەداواکراوە سەرەکیەکانی ئیسرائیلو لە"لیستی تیرۆر"ی ئەو وڵاتەدا بوو، موساد بە"دوژمنێکی مەترسیدارو سەرکردەی هەڵۆکانی حەماس" ناویدەبرد. ئیسرائیل بەئەندازیارو پلانداڕێژی زۆرێک لەچالاکیی سەربازییەکانی حەماسی دادەنێت، بەتایبەتی هێرشی ٧ی ئەکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆ سەر باشوری ئیسرائیل، کە کوژرانی ١٢٠٠ هاوڵاتی ئیسرائیلیو بەبارمتەگرتنی ٢٠٠ کەسی لێکەوتەوەو بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی ئێستای غەزەو ناوچەکە. موسادو هەزاران سەربازی ئیسرائیل لەهەوڵی دۆزینەوەی یەحیا سەنواردا بوون، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو "ئێمە کۆڵنادەین بەدوایدا دەگەڕێین تا ئەو کاتەی دەیدۆزینەوە". هاوکات لەئەیلوولی ٢٠١٥ەوە، ئەمریکا ناوی سەنواری خستبووە لیستی ڕەشی "تیرۆریستانی نێودەوڵەتی"یەوە.
٥/ بەپێی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی، سەنوار کاریگەرترین سەرکردەی فەلەستینی بوو. ئەو ژیانێکی نائاساییو نهێنی بەسەردەبرد، ئەم پیاوە قژ سپیو برۆ رەشە بۆ خۆبەدوورگرتن لەهەوڵی تیرۆرکردن بەنهێنی دەژیو لەدوو دەیەی ڕابردوودا لە ٦ هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە.
٦/ دیاریکردنی سەرکردەیەکی مەیدانیو توندڕەوی وەک یەحیا سەنوار بەسەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، بەتەحەداکردنێکی گەورەی ئیسرائیلو دژایەتیکردنی نەتەنیاهۆ دادەنرا لەو ساتەوەختەداو کارکردن بوو بەهەمان لۆژیکی ئیسرائیل، لەبەرئەوەی ئەم قۆناغە پڕ لەزۆرانبازییە پێویستی بەسەرکردەیەکی رادیکالو مەیدانی بوو سەنواریش لەدیدی حەماسەوە پیاوی ئەم قۆناغە سەختە بوو کە باوەڕی بەتوندوتیژیی بوو. هەروەها هەڵبژاردنی سەنوار پەیامێک بوو بۆ ئیسرائیلو نەتەنیاهۆ کە کوشتنی ئیسماعیل هەنیەو وێرانکردنی غەزە، نەک بەرەو میانڕەوییان نابات، بەڵکو زیاتر گیانی دوژمنایەتییان بەرامبەر بەئیسرائیل بەهێز دەکات.
٧/ سەنوار دوای هەفتەیەک لەکوژرانی "ئیسماعیل هەنیە"ی سەرکردەی پێشووی حەماس لەتاران، وەک شوێنگرەوەی ئەو لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە هەڵبژێردرا، کە کەسێکی نزیک لەکۆماری ئیسلامی ئێرانو قاسمی سلێمانی بوو، ئیسرائیل کە بەپشتیوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی گوێگرتنو زانیاریدەری زیرەکی دەستکرد بەردەوام لەهەوڵی دۆزینەوەیدا بوو، پێش ئەوەی ١٠٠ رۆژ بەسەر سەرکردایەتیکردنی حەماسدا تێپەڕێت، سەنواری لەئۆپراسیۆنێکیدا کوشت. بەبڕوای چاودێران کوشتنی یەحیا سەنوار گەورەترین سەرکەوتنی ئیسرائیلە تا ئێستا لەشەڕی حەماس لەغەزە بەدەستیهێناوە، بەکوشتنی سەنوار گورزێکی کوشندە بەر حەماس دکەوێت، ئەو کەسێکی کاراو کاریگەر بوو کە حەماسی کرد بەهێزێکی سەربازی گەورەی راهێنراوو توانی بۆ یەکەمجار لە٧ی ئەکتۆبەردا ئیسرائیل غافیلگیر بکاو لەهێرشێکدا کە ئەم ئەندازیارو داڕێژەری بوو، ١٢٠٠ هاولاتی ئیسرائیلی بکوژرێو ٢٠٠ هاولاتیشیان بەبارمتە بگیرێت.