بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و ئەدهەم بارزانی لە دەباشان كۆبونەوەو نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی دەڵێت، ئەدهەم بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ سیاسەتەكانی بافڵ تاڵەبانی راگەیاند.
ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لە كۆبونەوەكەدا دواپەرەسەندنەکان لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە تاوتوێکران و جەخت لە "هەماهەنگی و هاریکاری زیاتر لە نێوان هێزە شۆڕشگێڕەکان و دەربەستی کوردایەتی و کەسایەتییەکانی کرایەوە کە پەرۆشی بنیادنانی حکومڕانییەکی تەندروستن."
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بافڵ تاڵەبانی وتویەتی، ئەدهەم بارزانی و شێخانی بارزانی "رۆڵیان لە خەبات و تێکۆشانی کوردایەتی و چاکەکاریدا دیار و بەرچاو بوە."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئەدهەم بارزانی پشتیوانی تەواوی بۆ سیاسەتەکانی بافڵ تاڵەبانی دەربڕی و رایگەیاند "هەڵوێستەکانت لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و بابەتە نەتەوەییەکان جێگای پێزانینمانە و وەک هەمیشە هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین."