دوای رێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و عێراق بۆ گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانان و کەمکردنەوەی هێزەکانیان لە عێراق، بەشێکی هێزە ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە رۆژئاوای کورستان.
ئاوێنە: راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بەغداد و واشنتۆن رێککەوتون لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق. بەپێی رێککەوتنەکە ئەو 2500 سەربازە ئەمەریکییەی ماون لە عێراق بە دوو قۆناغ تا ساڵی 2026 دەکشێنەوە.
بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری فۆرین پۆڵسی ئەمەریکی، بەغداد و واشنتۆن لەسەر ئەوە رێکەوتون کە ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان).
مانەوەی ئەمەریکییەکان لە هەولێر گرنگە بۆ پاڵپشتیکردن و بەرگریکردن لە رۆژئاوای کوردستان، چونکە کانتۆنی رۆژئاوا ناتوانێت بە تەنها روبەڕوی مەترسییەکانی داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکە ببێتەوە. بونی هێزەکانی هاوپەیمانان گرنگە بۆ سەقامگری ناوچەکە و پیشاندانی پاڵشتی زیاترە بۆ هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.