فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرژمێری لە روی ئیدارییەوە لە هەمو ناوچە جێناكۆكەكان بەشێوەیەكی باش بەڕێوەچوە بەڵام لە هەندێك شوێن دەرفەت نەدراوە سەرژمێری ئەنجام بدرێت و ئەوەش بە درێژكراوە تەعریب دەبینین.
ئاوێنە: فەهمی بورهان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، سەرژمێری لە هەمو ناوچە جێناكۆكەكان لەڕوی ئیدارییەوە بەشێوەیەكی باش چوەتە پێشەوە، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە ئێمە وەكو دەستەی ناوچە كوردستانییەكان نیگەرانیمان نەبێت.
وتیشی، پێمانوایە لە هەندێك ناوچە بەتایبەت لە گوندەكانی دەوروبەری خانەقین و لە كوڵەجۆ لە راستیدا درێژەی تەعریبمان دەبینی، دەرفەتیان نەداوە تاوەكو ئێستا بەشێك لەو گوندانە سەرژمێری تێدا ئەنجام بدرێت كە ئەمە بۆ ئێمە هەواڵێكی باش نەبو.
وتیشی، هەروەها لە دەوروبەری مەخمور و هەندێك شوێنی هاوبەشی پارێزگای دهۆك و نەینەوا لێك تێنەگەیشتن هەبوەو سەرژمێرییەكە وەكو ئەوەی كە ئامانج بوە بەدی نەهاتوە.
لەبارەی كەركوكیش وتی، هەمو ئەوانەی لە كەركوك بون كەركوكین، هەندێك كەس نابێت بە گوتاری نەتەوەیی و پەیامی سیاسی لە بایەخی ئەو بۆنە كۆمەڵایەتییە مەزنە لە بەرچاوی خەڵك كەم بكاتەوە.
وتیشی، هەر كەركوكییە لەم شارە خۆی تۆماركردوە كەركوكییە بەپێی یاسا و دەستور و هیچ كەسێك لە كەركوك تۆمار نەكراوە كە كەركوكی نەبێت. ئێمە وەكو پێكهاتەی كوردی كە زۆر پابەندی یاسا و دەستور بوین، ئومێد دەكەین ئەم رۆحیەتە لای خەڵكی تر و پێكهاتەی تریش هەبێت.
وتیشی، ئومێد دەكەین كە سەرژمێری ئەركەكانی خۆی تەواو بكات و ئومێدەوارین لە داهاتویەكی نزیكدا پێمان بوترێت كە ئەو لیژنە هاوبەشەی كە دروستكراوە بۆ ئەوەی راستاندنی داتاكانی ناوچە جێناكۆكەكان بكات دەست بە كاروبارەكانی خۆی بكات بۆ ئەوەی هەر كەسێك لە كەركوك تۆمار كرابێت و لە سەرژمێری 1957دا نەبو دۆسیەكەی بگوازرێتەوە بۆ شوێنی یاسایی خۆی.
ئەوەشی خستەڕو، لەدوای تەواوبونی كارەكانی سەرژمێری دەبێت ئەم لیژنەیە دەستبەكاربێت و ئومێدەوارین لە ماوەی دوفتەدا كارەكانی تەواو بكات.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە داواكاریمان ئەوە بوە كە پەلە نەكرێت بۆ راگەیاندنی هیچ ئەنجامێكی راپرسییەكە تا ئەو كاتەی هەمو ئەو بڕیار و رێنماییانەی كە دەرچون وەكو خۆیان جێبەجێ دەكرێن.