وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەواڵی دەستگیركردنی زیاتر لە 320 ئەفسەرو كارمەندی بازگەكانی پارێزگای كەركوك لەسەر هۆكاری نادیار یاخود لە پەیوەست بە سەرژمێرییەوە رەتدەكاتەوەو دەڵێت، 18 ئەفسەرو كارمەندی بازگەكانی كەركوك دەستگیركراون لەسەر بابەتی گەندەڵیی دارایی.
ئاوێنە: وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەو هەواڵانە رەتدەكەینەوە كە لە هەندێك پێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە و باس لە دەستگیركردنی زیاتر لە 320 ئەفسەر و كارمەندی بازگەكانی كەركوك دەكەن لەنێویشیاندا بەڕێوەبەری بازگەكانی پارێزگاكە لەبەر هۆكاری نادیار یان لە پەیوەست بە پڕۆسەی سەرژمێرییەوە وەك هەندێك باسیان كردوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو بابەتە هیچ پەیوەندییەكی بە پرۆسەی سەرژمێریی دانشتیوانەوە نییە، بەڵكو پەیوەست بوە بە چەند پرسێكی رێكخستن و كارگێڕی و لێكۆڵینەوەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە كە تێیدا لێكۆڵینەوە لەگەڵ 18 ئەفسەرو كارمەند كراوەو گەندەڵیی داراییان لە بازگەكان لەسەر ساغ بۆتەوەو راگیراون.
ئاماژەی بەوەشداوە لە ئێستادا بازگەكانی پارێزگای كەركوك ئەفسەرو كارمەندی لێن كە بەشێوەیەكی ئاسایی ئەركەكانیان ئەنجام دەدەن و وەزارەتەكەش ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە دەخرێنە پاڵی و مافی خۆیشیەتی رێكارە یاساییەكان بگرێتەبەر لەدژی ئەوانەی كە راستییەكان دەشێوێنن یاخود دەستوەردان دەكەن لە كارە یاسایی و كارگێڕییەكانی وەزارەتەكەدا.