وەزیری پلاندانانی هەرێم پەیامێكدا ئاڕاستەی ئەو هاوڵاتیانە دەكات كە تاوەكو ئێستا لە پرۆسەی سەرژمێریدا سەردان نەكراون بۆ تۆماركردنیان و دەڵێت، تا تەواوكردنی تۆماری هەمو خێزانەكان پڕۆسەكە بەردەوام دەبێت و داواشیان لێدەكات لە ماڵەكانیان بمێننەوە.
ئاوێنە: د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا وتی، لە بەردەوامی پرۆسەی جێبەجێکردنی سەرژمێری لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، لەماوەی پێنج رۆژی ڕابردودا ڕێژەیەکی بەرزی کارەکان جێبەجێ کراوە، سەرەڕای هەبونی ئاستەنگی تەکنیکی .
وتوشیەتی، لەم کاتەدا هاوڵاتیان پەیوەندی زۆر دەکەن بە سەنتەی پەیوەندیەکان لە ژوری عەملیاتی سەرژمێری و بەرێوبەرایەتییەکانی ئاماری پارێزگاکان تاوەکو دڵنیا ببنەوە کە سەردان دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەبەرئەوەی پێشتر راگەیەندرابو کە پرۆسەکە ئەم قۆناغە بۆ دو رۆژ بەردەوام دەبێ دواتر ناتوانین کەس تۆمار بکەین، بەڵام لێرەوە هەمو دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە تاوەکو تەواوکردنی تۆماری هەمو خێزانەکان پرۆسەکە بەردەوام دەبێت بۆیە داوا دەکەین لەسەرجەم ئەو خێزانانەی کە تاوەکو ئێستا خۆیان تۆمار نەکردوە لەماڵەکانیان بمێنەوە، چونکە پرۆسەکە بەردەوام دەبێ تاوەکو دوا خێزان و دوا هاوڵاتی تۆمار دەکرێ .