شارەزایەكی كاروباری ئەمنی ڕایگەیاند، هۆشداریی دەدەینە هاوڵاتییان نزیك بارەگا و شوێنی كۆبوونەوەی گرووپە چەكدارەكان نەبنەوە، چونكە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل هەیە، هەروەها هێرشەكانیش ژێرخانی دەوڵەتی عێراق ناكەنە ئامانج.
ئاوێنە: ئەحمەد شەریفی شارەزای كاروباری ئەمنی سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گرووپە چەكدارەكانی عێراق و هۆشداریی دان بە هاوڵاتیان، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت و ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئامانجانەی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناوخۆی عێراقدا لێیان بدرێت، پێدەچێت بارەگا و شوێنی كۆبوونەوەی گرووپە چەكدارەكان بێت، جگە لە كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی، ئەمانە ڕەنگە هەندێكیان لە شارەكانەوە نزیك بن، ئەمەش زۆر مەترسیدارە، لەوانەیە ئەم كارە ببێتە هۆی قوربانی زۆر، جا چ مەدەنی بێت یان سەربازی.
ئاماژە بەوەشكراوە، هێرشەكەی ئیسرائیل هیچ ژێرخانێكی دەوڵەتی عێراق ناكاتە ئامانج، ئەوەش بەهۆی ترسی ئەوەی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە سكاڵایان لەسەر تۆمار بكرێت، ئیسرائیل بە تایبەتی ئەوانە دەكاتە ئامانج كە سەر بە گرووپە چەكدارەكانن.
باسی لەوەشكرد، لە ڕوانگەی سەربازییەوە عێراق هیچ سیستەمێكی بەرگری ئاسمانی نییە، كە بتوانێت ئەو ئامانجانە لە هەر هێرشێكی پێشبینیكراوی ئیسرائیل بپارێزێت، ئەمەش ئاسانكاری دەكات بۆ ئیسرائیل بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی هێرش بكاتە سەر ئامانجەكانی.
سەرچاوەیەكی نزیك لە گرووپە چەكدارەكانی عێراقییەكان پشتڕاستی كردەوە، بە ئامانجگرتنی بارەگاكانیان لەلایەن ئیسرائیلوە بۆ ماوەی چەند مانگێك پێشبینی كراوە.