ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسندکرا
  2024-11-24       99       

كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ئاشكرایده‌كات، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان په‌سه‌ندكراوه‌و ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ى ماوه‌ ڕه‌وانه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بكرێت.

ئاوێنە: به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى نەبەرد عومەر بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكردوه‌، "ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ پەسندکراوه‌".

وتوشیه‌تى:"تەنها ئەوە ماوە ئەنجامەکە بنێردرێت بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان".

حه‌وت ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق وه‌ڵامی سه‌رجه‌م تانه‌كانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دایه‌وه‌و سه‌رجه‌میانی ڕه‌تكرده‌وه‌.

نوسراوێكى ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی كه‌ واژۆی دادوه‌ر حه‌سه‌ن فوئاد سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دادوه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كانی له‌سه‌ره‌و ئاڕاسته‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كراوه‌ تێیدا هاتوه‌، "ئاگادارتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بۆ هه‌ڵبژاردن، هه‌مو ئه‌و تانانه‌ی سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێم بۆی نێردراوه‌ له‌ماوه‌ی یاسایی یكلایی كردونه‌ته‌وه‌، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ تانه‌كانیش به‌گوێره‌ى بڕگه‌كانی مادده‌ی (10/حه‌وته‌م) له‌یاسای كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره‌ (31)ی ساڵی 2019 بوه‌".

 به‌گوێره‌ی ئه‌و تانانه‌ی تۆماركرابون، 25 تانه‌یان له‌ سلێمانی، 12یان له‌ هه‌ولێر، سێیان له‌ دهۆك و تانه‌یه‌كیش له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ بوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن چاودێری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ تۆماركرابون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×