شارەزایەكی بواری كەشناسی رایگەیاند، لە شەوی سبەی یەكشەممە، شەپۆلێكی سەرماو بەفرو باران رو لە هەرێمی كوردستان دەكات، پلەكانی گەرما شەوان بۆ پلەی سفر دادەبەزن و باران بارین بەشێوەی بەخوڕ نابێت و لافاو دروست نابێت.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاند، سبەی یەکشەممە 24/11/2024 لە کاتەکانی شەودا ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی ساردی جەمسەری باکور کە لەرۆژانی ڕابردودا بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپای گرتەوە بەشێوەی شەپۆلی سەرما و بەفربارین.
ئەوەشی خستۆتەڕو، سەرەتا سبەی شەو شەپۆلەكە کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دھۆک دەستپێدەکات بە چالاکبونی بای باشوری رۆژھەڵات بەخێرایی 15 - 35 کم لە کاتژمێرێکدا و بارانی پچڕپچڕو زستانەیی بەرێژەیەکی مامناوەند و لەپاشان بۆ دوسبەی دوشەممە 25/11/2024 سەرجەم ناوچەکانی ھەرێم بە رێژەی جیاواز دەگرێتەوەو پلەکانی گەرما 8 تا 12 پلە نزمدەبنەوە و لەناوچە شاخاوییەکان لەبەرزایی 1500 مەتر ئەبێتە بەفربارینی راستەقینە و لەخوار ئەو بەرزییەش جاروبار بارانەکە بەفری لەگەڵدا ئەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، زۆرترین رێژەی دابارین لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت بەگشتی و سنوری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای ھەولێر و سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی سۆران و راپەرین دەگرێتەوە، کەمترین رێژەش لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک و سەنتەری پارێزگای ھەولێر ئەبێت .
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، کاریگەری شەپۆلی بەفر و بارانبارینەکە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 26/11/2024 لاواز ئەبێت و بەلاوازی بەردەوامی ئەبێت تا درەنگانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە 27/11/2024 پاشان کۆتایی پێدێت.
بەپێی قسەی ئەو شارەزایە، لەم قۆناغەی لاوازبوندا پلەکانی گەرما زیاتر نزمدەبنەوەو ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم ئەبێت لەو شار و ناوچە شاخاویانەی بەرزیان زیاترە لە 1200 مەتر بە نمونە سەنتەری شاری پێنجوێن و شاخەکانی شاری سلێمانی گۆیژە و ئەزمڕ ئەگەری بەفر بارینیان ئەبێت .
هەروەها راشیگەیاندوە، لەماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلەدا ئەگەری بارانی بەخوڕ و لافاو نابێت و جیاواز لە حاڵەتەکانی پێشتر بارانێکی لەسەرخۆ و زستانەییە رێژەکەشی مامناوەند ئەبێت و ئەگەری دروستبونی ھەورە بروسکەش لاواز ئەبێت بۆیە ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لەبارانی بەخوڕ و لافاو دەکەن .
ئاراس جەبار وتوشیەتی، دوای بەفر و بارانەکە ئەگەر گۆڕانکاری رونەدات لە رۆژی چوارشەممەوە 27/11/2024 تا ماوەی 10 رۆژێک ناوچەکانمان لەژێر کاریگەری وشکە سەرمادا ئەمێنێتەوە و لەشەواندا پلەکانی گەرما بۆ نزیک یان سفر پلە دادەبەزن و لەناوچە شاخاوییەکانیش چەند پلەیەک بۆ خوار سفر و بەگشتی کەشێکی سارد و زستانە دەستپێدەکات.