ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، وڵاتەکەی توانای بەرپەرچدانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی نییە و ئەمەریكاش ئامادەكاری دەكات تاوەکو ئەو پێشێلکارییە روبدات.
ئاوێنە: محەمەد شەمەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی "لەبەر ئەوەی وەزارەتی بەرگری خاوەنی سیستەمی پێشكەوتوی بەرگری ئاسمانی نییە، ناتوانێت بەرپەرچی هێرشە ئاسمانییەكانی سەر وڵات بداتەوە".
شەمەری رونیشیکردەوە "ئەركی پاراستنی ئاسمانی عێراق، لە ئەستۆی هێزەكانی ئەمەریکادایە، بەڵام ئەمەریكا ئامادەكاری دەکات بۆ ئەوەی هەركاتێك ئیسرائیل بیەوێت پێشێلكاری بكاتە سەر عێراق، هەروەک چۆن پێشتر رێگەی دا لە خاکكەیەوە هێرش بکرێتە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران".
ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نامەیەكی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، كۆمكاری عەرەبی و رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی کرد و تیادا جەختیکردووەتەوە، كە عێراق پایەیەكی سەقامگیرییە لە ناوچەكە و جیهاندا هەروەها یەكێكە لە ئەو دەوڵەتانەی كە پابەندبووە بەپرەنسیپەكانی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە.